پێدەچێت لە یەکەم دانوستاندا هەوڵی جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ بدرێت

دوای پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، هەندێک ئاماژەی باش بەدی دەکرێن لە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق. بە تایبەت دوای ئەوەی سودانی دوای پێکهێنانی کابینەکەی ڕژد بوونی خۆی لە جێبەجێکردنی کارنامەی حکوومەتەکەی ڕاگەیاند کە بەگوێرەی کارنامەکەی سودانی بێت، زۆربەی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و عێراق چارەسەر دەکرێن.

بەپێی لێدوانێکی، عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونی هەرێمی کوردستان، کە بەپێی زانیارییەکان یەکێک دەبێت لە ئەندامانی شاندی حکوومی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، گفتوگۆ لەسەر سەرجەم خاڵەکانی کارنامەی حکوومەتی نوێی عێراق دەکرێت کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان، لەوانەش، ماددەی ١٤٠ و ڕێکخستنی بوودجەی ساڵی ٢٠٢٣ و ڕایگەیاندووە؛ حکوومەتی هەرێم نیازی ئەوەی هەیە، تیمێکی تەکنیکی پێکبهێنێت بۆئەوەی بەردەوام لە بەغدا لەگەڵ لایەنی عێراقی لە دانوستاندن و گفتوگۆدا بێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
ڕایشیگەیاندووە؛ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رەزامەندیی دەربڕیوە بە جیددی کار بکات بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی فیدراڵیی عێراق تایبەت بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بە‌‌غدا و لەسەر ئەو بنچینەیەش شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم هەفتەیەدا سەردانی بەغدا دەکات و لەسەر ئەو کێشانە دانوستاندن دەکەن.
بەپێی زانیاریی و لێدوانی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بێت، شاندێکی حکوومەتی هەرێم لە نزیکترین وادەدا سەردانی بەغدا دەکات و ئامانجی ئەو شاندەش، دانوستاندنە لەسەر شایستە داراییەکانی هەرێم لە بەغدا. فارس عیسا، نوێنەری حکوومەتی هەرێم لە بەغدا، ئەوەی پشتڕاستکردووەوتەوە، شاندەکەی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامییەتی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و به‌دواداچوون و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ به‌غدا ده‌بێت.

ھەواڵی زیاتر