وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی: خانمان ڕێژەی ٥٧٪ ی خوێندکارانی زانکۆ پێک دەهێنن

بەسەرپەرشتی د. ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، کەرنەڤاڵی دەرچوونی خولی حەڤدەیەمینی زانکۆی کۆیە، لە هۆڵی فاکەڵتی پەروەردەی وەرزشیی زانکۆی کۆیە بەڕێوەچوو. لەم خولەدا ٩٦٩ دەرچوو لە ٣٠ بەشی زانستی جیاجیا بڕوانامەی بەکالۆریۆسیان پێبەخشرا.

لەڕێوڕەسمەکەدا کە ژمارەیەک لە سەرۆکی زانکۆکان و ڕاوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتی و مامۆستایان و کەسوکاری دەرچووان ئامادەی بوون، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی دوای پیرۆزبایی لە دەرچوان،ڕای گەیاند: ”مایەی شانازییە بەپێی داتای دەرچووانی زانکۆی کۆیە خانمان ڕێژەی ٤٦٪ ی دەرچووانی ئەم خولەن، هەروەها لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانیش خانمان ڕێژەی ٥٧٪ ی خوێندکاران و قوتابیانن.
ئاشکراشی کرد: ”لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزارەت، چوار ئەندامی ئەنجومەن و سێ سەرۆک زانکۆ و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان لە خانمانی بەتوانای کایەی ئەکادیمین، ئەمەش ئاماژەیەکی گرنگە بۆ ئەوڕاستییەی کە هەرێمی کوردستان هەنگاوی گرنگی بۆڕەخساندنی دەرفەتییەکسان بۆ کچان و کوڕانی وڵاتەکەمان ناوە بۆ ئەوەی لەڕوویگەیشتن بە زانست و بەدەستهێنانی کارامەییدا گەشە بکەن و دەرفەتییەکسانی گەشەکردنی ئابوریشیان هەبێت.”
لە بەشێکی دیکەی گوتەکەیدا د. ئارام محەمەد قادر، ئاماژەی بەوە کرد شاری کۆیە خاوەنی مێژوویەکی پرشنگدارە لەبواری زانست و مەعریفە و ڕۆشنگەریدا، خەڵکی دڵسۆزو نیشتیمانپەروەری کۆیە هەمیشە پێشەنگی خەبات و قوربانیدان و جۆشدانی خەبات و بیری کوردایەتی بوون، ئێستاش خۆشحاڵین کە دەبینین زانکۆی کۆیەڕۆژ لە دوایڕۆژ زیاتر پێشدەکەوێت و لەڕووی ژێرخان و توانای مرۆیی و ئاستی زانستی و بەرهەمی توێژینەوەی زانستیدا بەردەوام لە گەشەکردندایە. لەڕیزبەندی نیشتیمانی و ڕیزبەندییە جیهانییەکانیشدا، زانکۆی کۆیە هەمیشە لەڕیزی زانکۆ پێشەنگەکانی کوردستاندایە.
گوتیشی: ”دیارترین خەسڵەتی زانکۆی کۆیە بریتییە لە فراوانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و کارایی تۆڕی هەماهەنگی و پەیوەندی زانستی لەگەڵ زانکۆ و دامەزراوەکانی خوێندنی باڵا لەسەر ئاستی جیهان. ئەمساڵ توانییان گرانتێکی نێودەوڵەتی لەڕێگەی Academy British بەهاوبەشی لەگەڵ زانکۆی ئەڵستەری بەریتانی بە بڕی زیاتر لەیەک ملیۆن دۆلار بەدەست وبهێنن. ئەم گرانتە تایبەتە بە توێژینەوەکانی بواری سیاسەتی ئابووری پەروەردە و پەرەپێدانی تواناکان لە بواری توێژینەوەکانی تایبەت بە پەروەردە لە کوردستاندا. ئەم هەنگاوەتان جێگەی دەستخۆشیە و سوپاسی بریتش ئەکادیمی و زانکۆی ئەڵستەر دەکەم کە هاوکار بوون لەسەرخستنی ئەم دەستپێشخەرییە.”
لە تەوەرێکی دیکەی وتارەکەیدا وەزیری خوێندنی باڵا ئاماژەی بەڕیفۆرم و گەشەپێدانی کەرتی خوێندنی باڵا کرد و ڕایگەیاند: ”گرنگترین هەنگاویڕیفۆرمی خوێندنی باڵا بریتییە لە زیاتر کرانەوەی خوێندنی باڵا بەڕوی کۆمەڵگەدا، وتیشی: لە پلانماندایە پێداچوونەوە بەناوەرۆکی پرۆگرامەکانی خوێندن و بەشە زانستییەکانی زانکۆکانمان بکەین بە زانکۆ حکومی و تایبەتەکانیشەوە. ئەوبەشانەی کە دەرفەتی کاری زیاتر بۆ دەرچووانمان دەڕەخسێنن زیاتر پەرەیان پێ دەدەین و بەشی نوێی پەیوەندیدار بە پێداویستییەکانی بازاڕی کار دەکەینەوە.”
د.ئارام محەمەد قادر بە دەرچووانی زانکۆی کۆیەی گوت: ”هەنگاوی گرنگمان ناوە بۆ گۆڕان لە سیستمی ناوەندیی وەرگرتن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی گۆڕینی ئەم سیستەمە بە سیستەمێکی مۆدێرن کە تیایدا زیاترڕەچاوی ئارەزوو و خولیا و تواناکانی گەنجان و ئاراستەی پیشەیی دەرچووانی ئامادەیی بکات. گوتیشی: خەونی گەورەمان ئەوەیە کە سیستەمی خوێندنی باڵای هەرێم لە ئاستی عیراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سیستمێکی ناوازە بێت و لەسەر بنەمای کواڵیتی و ستانداردی نێودەوڵەتی بنیاد بنرێتەوە و خوێندنی باڵا بکەینە ئامرازی پەرەپێدانی فەرهەنگ و بەها نەتەوایەتییەکانمان؛ بەتایبەت بەهاکانی ئازادی و دیموکراسی و ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و یەکسانی جێندەری و لێبوردەیی و پێکەوە ژیان.”
لە کۆتاییشدا گوتی: ”ئێمە دەمانەوێت پرسیڕیفۆرمی خوێندنی باڵا ببێتە پرسێکی نیشتیمانی و بەهاوکاری حکوومەت و پەرلەمان و کۆمەڵگەی ئەکادیمی و هەمو چین و توێژەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، پێکەوە کاری بۆ بکەین.”

ھەواڵی زیاتر