دوای چەند مانگ لە داخستنی بازاڕەکانی چەک فرۆشتن لە ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی ناوخۆ بەپێی رێنماییەکی تایبەت بڕیاریداوە بازاڕێکی مۆدێرن بۆ کڕین، فرۆشتن و چاکكردنەوەی چەک لە ھەرێمی کوردستان بە ھاوبەشی له‌نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت دروستبکرێت.
به‌گوێره‌ی رێنمایی تایبه‌ت به پێدانی مۆڵه‌تی هه‌ڵگرتن و كڕین و فرۆشتنی چه‌ك له وەزارەتی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه بە كردنه‌وه‌ی بازاڕێکی ھاوچەرخ لە ھەرێمی کوردستان كراوه تایبه‌ت به کڕین و فرۆشتنی چەک، كه ھەموو ئەو کەسانەشی مامەڵە بە چەکەوە دەکەن له داتابەیسێكی تایبەتدا زانیارییه‌كانیان تۆمارده‌كرێت.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش وه‌زاره‌تی ناوخۆ به ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی شارەوانیدا كارده‌كات بۆ دابینکردنی زەوی بۆ دروستکردنی بازاڕەکە بە ھاوبەشی لەنێوان کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی كه له‌ژێر چاودێری وەزارتی ناوخۆدا ده‌بێت.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، یاسین خدر، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی کوردستان به كوردستان24ی راگه‌یاند، بە پێی یاسای چەک دەبێت چەک لە دەستی دەوڵەت بێت ئەم بازاڕەش ھەنگاوێکی باشە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی جۆرەکانی چەک لە ھەرێمی کوردستان کە حکومەت خۆی سەرپەرشتی بازاڕەکە دەکات.
زیاتر گوتی، به‌گوێره‌ی یاسا و رێنماییه‌كان كار بۆ رێكخستنه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌كردن به چه‌ك كراوه بۆ ئه‌وه‌ی چه‌ك نه كه‌وێته ده‌ستی هه‌موو كه‌سێك و ده‌وڵه‌ت ئاگاداربێت چه‌ك له‌لای كێ هه‌یه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، عادل كاكه‌یی، شاره‌زای ئه‌منی بۆ كوردستان24 ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، نەھێشتنی دیاردەی چەکداری و کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕی چەکفرۆشان کاریگەرییان دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی رێژەی تاوان لە ھەرێمی کوردستان له‌به‌رئه‌وه‌ی بەشێکی زۆری ئەو تاوانانەی ئەنجام دەدرێن بەھۆی چەکی بێمۆڵەته‌وه‌یه، هه‌روه‌ها داماڵینی چەک راستەوخۆ کاریگەری لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی تاوان دەبێت .
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، کردنەوەی بازاڕێک بۆ چەکفرۆشان ھەنگاوێکی گرنگە، بەڵام دەبێت بزاندرێت ئەم بازاڕە بە چ سیستەمێك دروست دەکرێت و کێ چاودێری دەکات و یاسای چەکی بەسەردا جێبەجێبکرێت، ئەوەش رێک بخرێتەوە کە چ جۆرە چەکێک له‌و بازاڕه‌دا دەفرۆشێت.
رۆژی 1ی ئادار/مارسی 2022، په‌رله‌مانی كوردستان یاساى چەكی لە هەرێمی كوردستان په‌سه‌ندكرد و له 21ی ته‌مموز/یۆلیۆی 2022، وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رێنمایی تایبه‌ت به پێدانی مۆڵه‌تی هه‌ڵگرتن و كڕین و فرۆشتنی چه‌كی بڵاوكرده‌وه.
هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان له رۆژانی (24-30ی مانگی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، هه‌ڵمه‌تێكی بۆ داماڵینی چه‌كی بێ مۆڵه‌ت له سه‌رجه‌م پارێزگا و ئیداره سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدا.