پەرلەمانتارێکی یەکێتی: هیچ کەس بە کشانەوەو و پاڵدانەوە بە مووچەی تەواوەوە ناچیتە پێشەوە

ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، رەخنەی توند لەو 12 پەرلەمانتارە دەگرێت كە بە پاساوی هەڵوێست وەرگرتن، بڕیاری دەوامنەكردنیان لە پەرلەمان و بەردەوامبوونیان لەسەر وەرگرتنی مووچەكانیان داوە. 

عەباس فەتاح، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە: ”بە کشانەوە ناچنە پێشەوە، دەبوو دەست لەکار بکشێننەوە!“

ڕوونیشی كردووەتەوە كە ناکرێت لەپێناو ”موزایەدەی حزبییانە“ ڕاستییەکان لە هاووڵاتیان بشاردرێتەوە و لەسەر حیسابی هاوڕێ و هاوپیشەکانت خۆت باش و دڵسۆزتر و دادپەروەرانەتر دەرخەیت، ”کە لە ئەسل پێچەوانەیە.“

عەباس فەتاح پرسیاری لەو 12 پەرلەمانتارە كردووە، لە خولی رابردووی پەرلەمانی كوردستان ”كە لەگەڵ بەشێكیان پێكەوە لە پەرلەمانبووین یان وەزیر بوون، ئەوكاتیش ماوەی ساڵێك پەرلەمان درێژ كرایەوە، ئاخۆ بۆچی دەستیان لەكار نەكێشایەوە، جیاوازییەكەی چییە؟ سێ ساڵە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان بەسەر چووە، كەس نوێنەرەكەی نەكشاندۆتەوە! بۆ ماوەیەكی نادیار چەندین ساڵە ئەنجوومەنی پارێزگاكان درێژكراوەتەوە، بۆچی ئەندامەكانی خۆیان نەكشاندۆتەوە؟“

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی راشكاوانە بۆچوونی خۆی لەبارەی كشانەوە دەربڕیوە و رای گەیاندووە، كشانەوە مانای ئەوەیە ”لە ماڵەوە پاڵدەوە و مووچەكەی خۆت تەواو وەربگرە و ئەو وردە قسە و پێشنیار و ڕەخنانەی لە ناو هۆڵی پەرلەمان دەیانگرت، ئێستا ئەوەش ناكەن.“

بەرگریشی لە خۆیان كردووە بەوەی ”ئەوە ئێمە نین وەكوو پەرلەمانتار ماوەی خۆمان بۆ خۆمان درێژ دەكەینەوە، ئەوە حزبەکانن بە گشتی لەسەر هیچ پێک نایەن و ناتوانن هەلبژاردن ئەنجام بدەن“ و ماوەی دەسەڵاتەكان بە بڕیاری حزبەكان و بە كرداری پەرلەمانتاران درێژ كراوەتەوە. هەروەك دەڵێ: ”هەموومان بە قسەی حزبی خۆمان كردووە، هیچ لایەك بڕیارەكەی لە دەرەوەی حزب نەبووە، چۆن ئێوە بە بڕیاری حزب دەچنە دەرەوە و دێنە ژوورەوە، ئێمەش بە شانازیەوە گوێڕایەڵی حزبی خۆمان دەبین.“ 

لە كۆتاییشدا عەباس فەتاح جەختی كردۆتەوە: ”ناكرێ شانەی هەموان لە سەری ئێمە بشكێننەوە، هیچ هێز و كەسێك بە كشانەوە و پاڵدانەوە بە مووچەی تەواوەوە ناچێتە پێشەوە، بەڵكوو دەبێت تەواو بچێتە دەرەوەی ئەو دەزگایەی پێی ناشەرعییە و پارەكەی پێ حەرامە و رەتی بكاتەوە، ئەو سەنگەرەی بڕوای پێیەتی، بیگرت و بەهێزتری بكات، لە جیاتی كشانەوە، دەست لەكار بكێشێتەوە.“

ئەم قسانەی عەباس فەتاح پاش ئەوە هات كە دوێنێ ئەو 12 پەرلەمانتاری كوردستان بانگەشەی كشانەوەیان لە پەرلەمانی كوردستان كردووە، بەڵام بڕیارەكەیان تەنیا بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكانی پەرلەمانە و لەسەر وەرگرتنی مووچە و ئیمتیازەكانیان بەردەوام دەبن.

ھەواڵی زیاتر