لەگەڵ تەواو بوونی کۆنگرەی پارتیدا دەست بە جووڵە سیاسیەکان دەکرێتەوە

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەڕێوەچوونی کۆنگرەی ١٤ی پارتی دیموکراتی کوردستان باڵی کێشابوو بەسەر ڕووداوە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستاندا و لەگەڵ تەواوبوونی کۆنگرەکەش دەست بە جووڵە و چالاکییە سیاسییەکان دەکرێتەوە کە گرینترینیان داڕشتنی پێوەندییەکی نوێ لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی نوێی عێراقە و هەر لەسەر ئەو بنەمایەش بڕیارە لەم هەفتەیەدا شاندی کوردستان سەردانی بەغدا بکات.

وەک ئاشکرایە حکوومەتی نوێی دکتور محەمەد شیاع سوودانی دەسبەکار بووە و، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق بە فەرمانی فەرمی خانەنشین کرا و حکوومەتی نوێ دەستی بە چالاکی و پڕۆژەکانی کردووە کە گرنگترینیان پرسی نووسینەوەی پڕۆژەیاسای بودجەیە بۆ ساڵی داهاتووی عێراق.
بڕیارە شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی و ژمارەیەک لە وەزیرەکانی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژانی داهاتوودا سەردانی بەغدا بکەن بۆ ئەوەی پێوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی نوێی عێراق پتەوتر بکەن و، بە دانوستان و گفتوگۆ لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش، کێشە و ناکۆکیییەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن.

وەک ئاشکرایە کۆمەڵێک پرس و کێشەی هەڵواسراو کە بەشێکیان هی چەند مانگ و ساڵی ڕابردوو و بەشێکی تریشیان هی ساڵانی ڕابردوون، لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدا ماونەتەوە و هەر کام لە حکوومەتەکانی عێراق بە دیدی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ ئەم کێشانەدا کردووە.
یەکێک لە گرنگترین ئەو پرسانەی کە پێدەچێت لەو سەردانەدا تاوتوێ بکرێن پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق و بەردەوامی ئەو بودجەیەی بە گوێرەی ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی پێشوو و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەرێم دیاری کرابوو.
حکوومەتەكەی مستەفا کازمی سەرەڕای ئەوەی کە هەندێ مانگ بەگوێرەی ڕێککەوتن پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەکەی ناردووە، بەڵام هەرێمی کوردستان لە زۆربەی مانگەکان بە تایبەتی لە مانگەکانی ئەمساڵدا بێبەش بووە لەو پشکە داراییە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران زیاتر پشتی بە توانا داراییەکانی خۆی بەستووە.
بەپێی دواین یاسای بودجەی عێراق کە بۆ ساڵی ٢٠٢١ دەگەڕێتەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە داهاتی ٤٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بە نرخی سۆمۆ و نیوەی داهاتی ناوخۆ ڕادەستی عێراق دەکات و لە بەرامبەردا عێراقیش پشکی هەرێمی کوردستان بە گوێرەی بودجە دابین دەکات. دوای لێدەرکردن و زیادکردنی ئەرکە داراییەکان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی بەغدا، لەسەر ئەوە ڕێککەوتبون بەغدا مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت و بەم شێوەیە ئەرکیان بەسەر یەکەوە نەمێنێت.
هێشتا دیار نییە حکوومەتی نوێی عێراق بە چ شێوەیەک بۆ مانگەکانی ئەمساڵ بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەنێرێت و لە هەمان کاتدا دیار نییە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو کە وەزارەتی دارایی عێراق ماوەیەکە دەستی بە نووسینەوەی کردووە، چ پشکێک بۆ هەرێمی کوردستان دیاری دەکرێت.
رەنگە یەکێک لە ئەرکەکانی ئەو شاندە و دانوستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق ئەوە بێت بۆ ئەم پرسە ڕێککەوتنی نوێ بکرێت و حکوومەتی هەرێمی کوردستان مافە داراییەکانی خۆی دابین بکات و یارمەتیی سەرخستنی حکومەتی سوودانی بدات.
جگە لە گەرەنتیکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە کۆمەڵێک دۆسیە و کێشەی تری وەک پێشمەرگە و هەماهەنگی و هاوکاریی ئەمنی لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تاوتوێ بکرێن. جێی باسە پێشتر ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ میدیاکان گوتبوی قەرارە لەم هەفتەیەدا شاندێکی باڵا لە کوردستانەوە سەردانی بەغدا بکات.

ھەواڵی زیاتر