د. سەباح سوبحی: چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندی عێراقەد. سەباح سوبحی:

شاندی حکوومەتی ھەرێم لە بەغدا لەسەر چوار دۆسیەی گرنگ گفتووگۆدەکەن، پڕۆژەیاسای بودجە، یاسای نەوت و غاز، یاسای دادگای فیدڕاڵی و ئەنجوومەنی دادوەری.

بڕیارە سبەی سێشەممە شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ گفتووگۆ بکەن. ئەندامێکی کوردیش لە بەغدا، دەڵێت، چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر و بەغدا لە بەرژەوەندی عێراقە، کوردیش ھیچی ناوێت جگە لەوەی ئەوەی لە دەستووردا ھاتووە.
بۆ یەکەمینجارە لەدوای ٢٠٠٣ رێککەوتنێکی نووسراو لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا واژوودەکرێت بۆ پێکھینانی حکوومەت، رێککەوتن ھەیە لەنێوان ھەردوولا، بەغدا ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ رێککەوتن لە ماوەیەکی دیاریکراودا، شاندەکەی حکوومەتی ھەرێم لە بەغدا لەسەر چوار دۆسیەی گرنگ گفتووگۆدەکەن، وەک پڕۆژەیاسای بودجە، یاسای نەوت و غاز، یاسای دادگای فیدڕاڵی و ئەنجوومەنی دادوەری.
ئەوەی پەیوەندی بە لایەنی داراییەوە ھەیە، بەگوێرەی ئەو رێککەوتنە سیاسییەی بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق کراوە، دەبێت بەغدا شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی ١١ و ١٢ی ئەمساڵ بنێرێت و پێکەوەش پڕۆژە یاسای بودجەی گشتی ئامادەبکەن و رێککەوتنێکی نوێش لە نێوان بەغدا و ھەولێر بۆ ساڵی ئایندە واژۆدەکرێت.
لە کارنامەی کابینەکەی سودانیدا ئەوە چەسپێندراوە، کە حکوومەتی عێراق ھەموو ئەو رێکارانەی لەدژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەلایەن کابینەکانی پێشوو گیراوەتەبەر، رادەگیرێن و کاریان پێناکرێت، تاوەکو ھەولێر و بەغدا دەگەنە رێککەوتن لەسەر یاسای نەوت و غاز.
شاندەکەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامیەتی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون و فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا دەبێت.
فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، رۆژی سێشەممە شاندێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و ئامانجی شاندەکەش گفتوگۆکردنە لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٣.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، بۆ ھەولێر دەڵێت:” ئەو دوو وەزارەتەی ماون بەشی پارتین، چونکەی بەپێی خالەکان ئێمە لە پێش یەکێتی دێین، بەنگین رێکانی دەبێتە وەزیری ئاوەدانکردنەوە، بۆ وەزارەتی ژینگەش، لەو چەند رۆژەدا کەسێک دەست نیشان دەکرێت، بەوەش حکوومەتەکەی سوودانی تەواو دەبێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران، گوتیشی:” شاندێکی حکوومەت بۆ ئەوەی دانوستاندن لەگەڵ حکوومەتی عێراق بکات دێتە بەغدا، ئەوەش بۆ زامنکردنی مافەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستانە، گرنگترینیان شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستانە، لەگەڵ ھەموو ئەو قەرزانەی حکوومەتی عێراق قەرزی کردووە، بۆ ئەوەی لەو دوو مانگەدا مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان رەوانە بکات”.
د. سەباح سوبحی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەران، ئاشکراشی کرد:” حکوومەتی سودانی دەیەوێت کێشە و گرفتەکان چارەسەر بکات، چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر و بەغداش لە بەرژەوەندی حکوومەتی عێراقدایە، چونکە تا کێشەکان چارەسەر نەکرێن کێشەکانی عێراق بەردەوام دەبن، کوردیش ھیچی ناوێت جگە لەوەی ئەوەی لە دەستووردا ھاتووە”.

ھەواڵی زیاتر