ڕائیب جادر – هەولێر
د. ھەوار نێروەیی، شارەزای زانستە سیاسیەکان و راگری کۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی دھۆک، لە دیدارێکدا لەگەڵ ھەولێر دەڵێت، پارتی لەگەڵ ئەوە بوو گۆڕانکاری بکرێت، گۆڕانکاری کرا، ئەوە شتێکی زۆر باش بوو، گۆڕانکارییەکان لە بەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستانن. دەشڵێ، پارتی لە رابردوو زۆر ھەوڵی داوە ناو ماڵی کورد یەکڕیز بێت، ئەو دەستکەوتانەی تا ئێستاش بە دەست ھاتوونە ھەموو بەھۆی یەکڕیزی بوونە، دوای کۆتایھاتنی کۆنگرە پارتی ئەوە دەکاتە کاری لەپێشینەی خۆی، چونکە یەکڕیزی ناو ماڵی کورد، کلیلی چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکانە.
- گۆڕانکاریەکانی ناو پارتی چۆن دەبینی؟
- ئەو پەیڕەو پڕۆگرامەی کەوتۆتە بەر دەستی ئێمە، شتێکی زۆر باشە، ھەموو سەرکردایەتی پارتیش لەگەڵ ئەوە بوون گۆڕانکاری بکرێت، بەتایبەتی بۆ ئەو قۆناغە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە ١٢ ساڵ بوو پارتی کۆنگرەی نەبەستبوو بەهۆی کۆمەڵێک ڕووداو کە لەو ماوەیەدا دونیایەک گۆڕانکاری بەسەر ھەرێم و عێراقدا ھاتوونە، ھەتا لە وڵاتانیش زۆر گۆڕانکاری کراون، پارتی، پارتێکی نەتەوەیی و نیشتمانییە، لەبەر ئەوە پێویستە گۆڕانکاری بکات، ھاتنی داعش، رووداوەکانی پاش ١٦ی ئۆکتۆبەر، پەتای کۆڕۆنا ئەوانە ھەموو فاکتەر بوون، کە پارتی خۆی نوێ بکاتەوە، ھەروەھا لۆگۆی کۆنگری ١٤ی پارتی بۆ ئێمە زۆر شت روون دەکاتەوە، کە ئەو لۆگۆیە سێ وشەی لە خۆ گرتووە، ئازادی، دیموکراسی، دادپەروەری، ئەگەر شرۆڤەیەکی جوان بۆ ئەو سێ چەمکە بکەین، ئازادی، بە مانای یەکسانی دێت، مافی رادەربڕین، مافی بەشداری لە پرۆسەی سیاسی، دیموکراسی، ئەوەش بەو مانایە دێت کە پارتی باوەڕی بە سیستەمێکی سیاسی ھەیە، بەناوی دیموکراسی، گەل سەروەر بیت، گەل لە رێگەی ھەڵبژاردن دوا رۆژی خۆی دیار بکات، کە بەردەوام پارتی داکۆکی لەسەر ئەوە دەکات کە پێویستە بەردەوام و لە کاتی خۆی ھەڵبژاردن بکرێت، دادپەروەری، زۆر روون و ئاشکرایە، ئەویش ئەو پێکەوەژیانەی کە لە کوردستان ھەیە بەردەوام دەبێت و کوردستان بۆ ھەمووانە.
- کۆنگرە چ واتایەک دەگەیەنێت؟
- کۆنگرە واتە نوێبوونەوە، کە کۆمەڵێک کەسی نوێ دێنە مەیدانی سیاسی، لەو ژمارەیە رێژەیەکی زۆر گەنجن، ھەروەھا گۆڕانکاریەکانی ناو حزب، بۆ نموونە کەمکردنەوەی ئەندام لەناو لق و ناوچەکان و گۆڕانکارییە ئۆرگانیەکانی دیکە.
*پاش کۆنگرە پارتی دەبێت چ بکات؟
-بەڕای من پاش کۆنگرە و دەستنیشانکردنی کەسانی نوێ، دەبێت پارتی لەناوخۆدا دەست بە سیاسەتێکی نوێ بکات، ئەوەی لە ھەمووی گرنگتر خەڵکی ھەرێمی کوردستان داوای چی دەکات، خەڵکی کوردستان دەیەوێت سەرکردەکانی پارتی بێنە ناو جەماوەر، رۆژانە لەناو خەڵکدا بگەڕێن و گوێ لە گلەیی و گازندەکانی ئەوان بگرن، بۆیە پێویستە ئەوانە بەردەوام لەناو خەڵکدا بن و نەبنە بارگرانی بۆ سەر پارتی.
*بۆ یەکڕیزی ناو ماڵی کورد پارتی چ ئەرکێکی لەسەر شانە؟
- ئەوە پرسیارێکی گرنگە، لەناو پەیڕەووپڕۆگرامی پارتیش جێگیر کراوە، پارتی لە رابردوو زۆر ھەوڵی داوە ناو ماڵی کورد یەکڕیز بێت، ئەو دەستکەوتانەی تا ئێستاش بە دەست ھاتوونە، ھەموو بەھۆی یەکڕیزی بوونە، پاش کۆتایھاتنی کۆنگرە پارتی ئەوە دەکاتە کاری لەپێشینەی خۆی، چونکە یەکڕیزی ناو ماڵی کورد، کلیلی چارەسەرکردنی ھەموو کێشەکانە، ھەم لەگەڵ بەغدا، ھەم لە ناوخۆ، راستە کێشە دەبن، خیلافات دەبن، بەڵام لایەنەکان پێکەوە جوانن و تەواوکەری یەکترین و پێویستە بەرژەوەندی حزبی بکەنە قوربانی بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی”.