عێراق بۆ پڕکردنەوەی پێداویستیی ناوخۆ بە گەنم، حەوجێی دەرەوە دەبێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەو گەنمەی لەمساڵدا وەزارەتی بازرگانیی عێراق لە جووتیارانی عێراق و هەرێمی کوردستانی کڕیوەتەوە ناتوانێت پێداویستییەکانی ناوخۆی وڵات بە تەواوی دابین بکات، بۆیەش حکوومەت هانای بۆ هاوردەکردنی گەنم لە دەرەوە بردووە. حکوومەت لە بازاڕی ئازاد، نێوە نێوە سەدان هەزار تۆن گەنم دەکڕێت و هاوردەی دەکات.

لە هاوینی ئەمساڵدا، حکوومەتی عێراق ڕای گەیاند؛ دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆن گەنمی لە جووتیاران کڕیوەتەوە و بە گشتی ئەو گەنمە لە سایلۆکانی پارێزگا جیاوازەکانی عێراق هەڵگیراوە، بەڵام ئەمە پێداویستیی ١٢ مانگی عێراق نییە، بەڵکوو تەنیا دەتوانێت پێداویستییەکانی حەوت مانگی عێراق دابین بکات.
بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ئامارە، عێراق پێویستی بە دوو ملیۆن تۆن گەنمی تر هەیە بۆ ئەوەی هاوسەنگیی نرخی نان و ئارد بپارێزێت و، عێراق لە دابینکردنی گەنم بۆ ئاشەکان و پڕکردنەوەی بەشە ئاردی بریکارەکانی خۆراک تووشی هیچ کێشەیەک نەبێتەوە.
رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، کە لەم دوو ڕۆژەدا کۆمپانیایەکی سەر بە حکوومەتی عێراق نزیکەی ١٥٠ هەزار تۆن گەنمی کڕی، کە زۆربەی گەنمەکە هی کەنەدا و لیتوانیا و بەشێکیشی هی ئوسترالیا بوو. وا پێدەجێت لەو بڕە گەنمە ٥٠ هەزار تۆنی لە کەنەدا بە نرخی ٤٨٩ دۆلار و ٨٠ سەنت کڕدرابێت.
عێراق ٥٠ هەزار تۆن گەنمی لە لیتوانیا بە نرخی ٤٩٩ دۆلار بۆ هەر تۆنێک کڕیوە کە تێچووی گواستنەوەی گەنمەکە بۆ عێراقیشی خراوەتە سەر. بڕێکی تریشی لە ئوسترالیا دابین کردووە.
بە گشتی ئەو گەنمەی عێراق لەم ڕۆژانە دابینی کردووە، لە ڕووی نرخەوە ١١% کەمتر کەوتووە لەو نرخەی کە بۆ کڕینەوەی بەرهەمی دانەوێڵەی ناوخۆیی دیاری کردبوو.
ئەمساڵ لە تەواوی عێراق لەچاو ساڵانی ڕابردوو گەنمێکی کەمتر بەرهەم هات و هۆکارەکەش بۆ وشکەساڵی لە کۆمەڵێک ناوچە و پارێزگای گرنگی عێراق و هەرێمی کورستان دەگەڕایەوە. کۆی گشتی یگەنمی وەرگیراو لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ بریتی بوو لە ٣٢٢ ھەزار و ٣٨٧ تۆن. لە پارێزگای سلێمانی بڕی، ١٤١ ھەزار و ٢١٧ تۆن و ٤٠٠ کیلۆ، لە پارێزگای ھەولێر بڕی ١٢٣ ھەزار و ٤٦ تۆن و ١٦٠ کیلۆ و لە پارێزگای دھۆک بڕی ٥٨ ھەزار و ١٢٣ تۆن و ٤٨٠ کیلۆ وەرگیرا.
هەندێک ساڵ لە هەرێمی کوردستان سەرووی یەک ملیۆن تۆن بەرهەم هاتووە و ئەمەش سەرووی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان بە گەنم بووە، بەڵام لەو ساڵانەدا حکوومەتی عێراق سەرجەم گەنمەکەی وەرنەدەگرت و دانەوێلەکە لەسەر دەستی جووتیاران دەمایەوە، ئەمساڵ بە پێچەوانە هیچ سنوورێک بۆ ڕادەستکردنی گەنم نەبوو و جووتیار هەر بڕێکی بەرهەم هێنابا ئەوا لە لایەن وەزارەتی بازرگانی وەردەگیرا.
جێی باسە ئەو گەنمەی کە لە هەرێمی کوردستانەوە ڕادەستی سایلۆکان کراوە، سەرجەم ئەو گەنمە نییە بەرهەم هاتووە؛ بەڵکوو بەشێک لە گەنمی بەرهەمهێنراوی کوردستان لە لایەن کۆمەڵێک کۆمپانیای ناوخۆییەوە کڕدرانەوە بۆ ئەوەی ئاردی پێویستی كوردستان دابین بكەن و لە جیاتی ئەوەی ئارد لە دەرەوە هاوردە بکرێت هەر لە ئاشەکانی ناوخۆی کوردستان بخرێتە بەردەستی کڕیاران.
نرخی گەنم بەهۆی سەرهەڵدانی جەنگی ئۆکراینا و درێژەکێشانی ئەم جەنگە لە تەواوی جیهان گران بوو، هەر بۆیەش حکوومەتی عێراق زۆر گرانتر لە ساڵانی ڕابردوو گەنمی لە جووتیاران کڕی.
بەگشتی، عێراق بە هەرێمی کوردستانەوە پێویستی بە چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تۆن گەنم هەیە و ناچارە دوو ملیۆن تۆن گەنم هاوردە بکات بۆ ئەوەی هیچ تەنگژەیەک لەم ڕووەوە نەیەتە کایەوە.