شیرین فوئاد مەعسوم: هیچ كێشەیەك لە كۆنگرەی 14ی پارتیمان ڕووی نەداوە و ڕوو نادات

ئەندامێكی كۆنگرەی 14ی پارتی دیموكراتی كوردستان جەخت لەوە دەكاتەوە كە هیچ كێشەیەك لە كۆنگرە ڕووی نەداوە و ”ڕوو نادات“، بەڵكوو هۆكاری دواخستنی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی، كێشەی تەكنیكی بووە.

شیرین فوئاد مەعسوم، ئەندامی كۆنگرەی 14ی پارتی لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك)، هۆكاری دواخستنی پرۆسەی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی ڕوون كردەوە و رای گەیاند: ”هیچ کێشەیەک لە کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستانمان ڕووی نەداوە و ڕوونادات. هەموو ئەوەی هەبوو تەنیا کێشەی تەکنیکی بوو، پڕۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان، بۆ كاتژمێر 11ی ئەمڕۆ شەممە دواخرا.“

ڕوونیشی كردەوە كە پڕۆسە و ڕێگەی دەنگدانەکە بە تەکنیکی نوێ دەکرێت، بۆیە ”کارەکە بۆ ئێمەی دەنگدەر و لیژنەکان هەنگاوێکی نوێ بوو. هەموو هێڵەکان ڕوون کراونەتەوە و ئەمڕۆ ڕۆژی سەرکەوتنە.“

لە كۆتایی نووسینەكەشیدا جەختی لەوە كردۆتەوە: ”ئێمە کۆنگرە دەکەین، کۆنگرەی ڕاستەقینە و بەرهەمداریش کاری جددی و ماندوویەتی دەوێت، ئێمە یەکتر ناشکێنین و کەسی براوەش دەرناکەین. هەموو ئەوەی لە سۆشیال میدیاش دەگوترێت، تەنیا قیڕەقیڕێکی جاشانەی شەقامە کۆنەکانی تارانە و هیچی تر.“

ھەواڵی زیاتر