هەشت ساڵە چارەنووسی دوو هەزار و ٧٣٦ کوردی ئێزدی نادیارە

نزیکەی پێنج ساڵ بەسەر ڕووخانی یەکجاریی داعش لە عێراق تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا چارەنووسی هەزاران کوردی ئێزدی نادیارە کە لە ساڵی ٢٠١٤ ڕفێنران. ئومێد هەیە ژمارەیەک لەو بێسەروشوێنانە هێشتا لە ژیاندا مابن و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکرێ لەمڕووەوە هەنگاو بنێت.

رێکخراوی یەزدا، کە پێوەندیدارە بە پرسی ئێزدییەکان و بارەگا سەرەکییەکەی لە دهۆکە ئاشکرای کرد، دوای لێکۆڵینەوە لە دوایین ئاماری گیراوان و شوێنبزران و ڕزگاربووان بۆیان دەرکەوتووە کە دوو هەزار و ٧٣٦ ئێزدی بێسەروشوێنن و دیار نییە چ ژمارەیەک لەوانە لە ژیاندا ماونیان گیانیان لە دەست داوە.

لە مانگی ئابی ساڵی ٢٠١٤ کاتێک تیرۆریستانی داعش ئامانجی هێرشەکانیان بەرەو ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم سووڕاند، شنگال و ناوچەکانی باکووری پارێزگای نەینەوایەکەم شوێن بوون کە دوای داگیرکرانی مووسڵ پەلامار دران و لەڕۆژێکدا بە سەدان هەزار کەسلە هاووڵاتییانی ئێزدی ئاوارە بوون و بە هەزارانیان کەوتنە دستی داعش. ژمارەیەکی زۆری ئێزدی کوژران یان زیندە بەچاڵ کران و ژمارەیەکی تریش تاوانی تری گەورەی مرۆییان بەرانبەر کرا و بۆ سووریا گواسترانەوە.

بە گوتەیڕێکخراوەکە لە ساڵی ٢٠١٤ و دوای ئەو کۆمەڵکوژییەی داعش ئەنجامی دا شەش هەزار و ٤١٧ هاووڵاتی ئێزدی لە لایەن داعش ڕفێنران بەڵام لەو ژمارەیە سێ هەزار و ٣٥٠ کەسیانڕزگار کراون، هەرچەندە هێشتا دوو هەزار و ٧٣٦ کەس هێشتا بێسەروشوێنن.

جەمیل غانم سەرۆکی ڕێکخراوەکە ڕوونی کردەوە ژمارەیەکی زۆر لە ئێزدییەکان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان ژێرخاک کراون بەڵام نەتوانراوە ڕووفاتیان هەڵبدرێتەوە و ناسنامەیان ئاشکرا بکرێت و بۆیەش تا ئەو کاتەی بە بەڵگە ناسنامەیان ئاشکرا نەکرێت ئەوا بە بێسەروشوێن حساب دەکرێن و ئە ئەگەرە هەیە کە ژمارەیەکیان هێشتا لە ژیاندا مابن.

پێشبینی کراوە ژمارەیەک لەو ئێزدییە بێسەروشوێنانە لە کەمپی هۆل لەڕۆژئاوای کوردستان بن کە بنەماڵەی داعشەکانی تێدا ڕاگیراوە و ماوەی ڕابردووش ژمارەیەک لە ژنان و منداڵانی نێو کەمپەکە ئازاد کران کە بۆ مووسڵ و ئەنبار و سەلاحەدین گەرێنرانەوە.

رێکخراوەکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە بۆ بەدواداچوون و ئاشکراکردنی ئەو بێسەروشوێنانە هەنگاو بنێت و چیتر بنەماڵەی قوربانییان لە چاوەڕوانیدا نەهێڵێتەوە.

جێی باسە ئەوەی هۆکاری سەرەکی بووە لە ئاشکراکردنی ژمارەیەکی زۆر لە بێسەروشوێنبووان و ڕزگارکردنی هەزاران کەس حکوومەتی هەرێمی کوردستان بووە و لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەڕێکاری جیاواز بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ باوەشی خێزانەکانیان گەڕاونەتەوە.

نزیکەی مانگێک ماوە یادی پێنجەم ساڵوەگەڕی ڕووخانی مووسڵ بکرێتەوە بەڵام ئەو هاووڵاتییە ئێزدییانە هەشت ساڵە بێسەروشوێنن.

یەکێک لەو پرسە سەرەکییانەی هێشتا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نەیتوانیوە یەکلای بکاتەوە ئەو هەزاران کەسە لە بنەماڵەکانی داعشە کە لە کەمپی هۆلی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگیراون و دیار نییە بە چ ڕێکارێک تاوانباران سزا دەدرێن. پێشبینی دەکرێ ژمارەیەک لە ئێزدییەکان لە لایەن ئەو بنەماڵانەوە دەستبەسەر کرابن و بە بارمتەڕاگیرابن.

لە لایەکی ترەوە ئێزدییەکان خزمەت نەکراون و ناوچەکانیان هێشتا مەترسی لەسەرە و ژمارەیەکی زۆری گرووپ و میلیشیای جیاواز دەستیان بەسەر ناوچەکەدا گرتووە و هەرئەوەش وای کردووە ناوچەکانیان ئاوەدان نەکرێتەوە. بەشێکی بەرچاو لە ئێزدییەکان هەر لە کەمپەکان و شارەکانی کوردستانن و ژمارەیەکی زۆریشیان بۆ وڵاتانی دەرەوە کۆچیان کردووە.