هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

پەیامی سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەی ١٤ی پارتیدا چی بوو؟

ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی كۆنگره‌ی 14ی پارتی له‌ باره‌ی گوتاره‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی له‌ كۆنگره‌دا ئاماژه‌یان به‌وه‌كرد، وێڕای دووپاتكردنه‌وه‌ی ستراتیژیه‌تی كاری نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی پارتی، جه‌ختی له‌سه‌ر ته‌بایی و پێكه‌وه‌ژیان له‌ ناوخۆی حزب، هه‌رێمی كوردستان و هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان كرده‌وه‌.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (3ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، كۆنگره‌ی 14ی پارتی به‌ به‌شداری نزیكه‌ی هه‌زار ئه‌ندام له‌ شاری دهۆك ده‌ستی به‌كاره‌كانیكرد و وابڕیاره‌ ماوه‌ی سێ رۆژ بخایه‌نێت.

له‌ ده‌ستپێكی رۆژی یه‌كه‌می كۆنگره‌دا، سه‌رۆك بارزانی گوتارێكی پێشكه‌ش به‌ ئه‌ندامانی كۆنگره‌ كرد و به‌پێی لێدوانی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی كۆنگره‌ بۆ دەزگا ڕاگەیاندنەکان: سه‌رۆك بارزانی په‌یامێكی گشتیگری له‌باره‌ی ئێستا و ئایینده‌ی پارتی و هه‌رێمی كوردستان هه‌بووه‌ و چه‌ندین رێنماییشی ئاراسته‌ی ئه‌ندامانی كۆنگره‌ كردووه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌، سه‌عید سه‌لیم، ئه‌ندامی كۆنگره‌ی 14ی پارتی راگه‌یاند، له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، سه‌رۆك بارزانی باسی له‌ دروستبوون و ستراتیژی پارتی كردووه‌ كه‌ له‌ پێناو خزمه‌تكردنی دۆزی نه‌ته‌وه‌یه‌یی و نیشتمانیدا بووه‌ و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌موو ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی پارتی پابه‌ندی ئه‌و ستراتیژه‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییه‌ی پارتی بن.

زیاتر گوتی، سه‌رۆك بارزانی به‌ گرنگییه‌وه‌ باسی ته‌بایی و كۆده‌نگی له‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌یه‌یی و نیشتمانییه‌كان كردووه‌ته‌وه‌ و ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌ پێویسته‌ له‌ ناوخۆی پارتی، هه‌رێمی كوردستان و پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان، ته‌بایی و یه‌ك ده‌نگی بپارێزرێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، ئانۆ جه‌وهه‌ر، ئه‌ندامی كۆنگره‌ی 14ی پارتی روونیكرده‌وه‌، سه‌رۆك بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا جه‌ختی له‌سه‌ر ئاشته‌وایی و پێكه‌وه‌ژیانی نێوان هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی هه‌رێكی كوردستان كرده‌وه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی كۆنگره‌ی 14ی پارتی باسی له‌وه‌شكرد، سه‌رۆك بارزانی جه‌ختی له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕی پارتی كرده‌وه‌ بۆ چه‌سپاندنی پێكه‌وه‌ژیان له‌ هه‌ رێمی كوردستان هه‌روه‌ها گرنگیدان به‌ گه‌نجان و ئافره‌تان بۆ هاتنه‌و پێشه‌وه‌ و تێكهه‌ڵكێشكردنی توانای ئه‌وان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌ دێرین و خاوه‌ن ئه‌زموونه‌كان، بۆ په‌یڕه‌وكردنی سیاسه‌تێكی هاوسه‌نگ له‌سه‌ر بنه‌مای ئازادی، دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری.

هه‌روه‌ها ئاری نانه‌كه‌لی، ئه‌ندامی كۆنگره‌ی 14ی پارتی روونیكرده‌وه‌، گوتاره‌كه‌ی سه‌رۆك بارزانی په‌یوه‌ست بوو به‌ بارودۆخی هه‌ریمی كوردستان، عێراق، ناوچه‌كه و جیهان. هه‌روه‌ها به‌ وردی باسی له‌ سه‌نگی پارتی له‌ هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانی ناوچه‌كه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی پارتی كرد‌ له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسییه‌كانی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، عێراق و پارچه‌كانی دیكه‌ی هه‌رێمی كوردستان.

نانه‌كه‌لی روونیكرده‌وه‌، له‌ په‌یامه‌كه‌یدا سه‌رۆك بارزانی باسی له‌ رۆڵی پێشمه‌رگه‌، كابینه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و رۆڵی گه‌نجان و ژنان كرد و جه‌ختی له‌سه‌ر ته‌بایی و پێكه‌وه‌ژیان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌.

هاوكات زاگرۆس فەتاح، ئەندامی کۆنگرەی 14ـی پارتی راگەیاند، سەرۆک بارزانی لەو گوتارەدا کە ئەمڕۆ لە کۆنگرەی 14 پێشکەشیکرد، بریاریدا كه‌ناڵێکی تایبەت بە گەیاندنی رەخنە و گلەیی دابمەزرێنێت، کە لە رێگەیەوە ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەتوانن گلەیی و گازندەکانیان بە سەرۆک بارزانی بگەیەنن.

ئەوەش خرایەڕوو، کە سەرۆک بارزانی خۆی سەرپەرشتی کەناڵەکە دەکات و بەڵێنی ئەوەیداوە هیچ ئەندامێکی پارتەکەی لە هیچ شوێنێك مافی نەخورێت.

ئەو ئەندامەی کۆنگرەی 14ـی پارتی ئاماژەی بەوەشدا، سەرۆک بارزانی لە گوتارەکەیدا روونکردنەوەیەکی زۆر باشی دا لەسەر دۆخی پارتی و کۆمەڵێك پێشنیازی پێشکەشکرد.

لەبارەی پێشنیازەکانی سەرۆک مەسعود بارزانییەوە، زاگرۆس فەتاح گوتی: “پێشنیازەکان خۆیان لە کۆمەڵێك شت دەبیننەوە، لەوانە بایەخدان بە گەنجان و ئافرەتان، لەهەمانکاتیشدا پێکەوە کارکردنی ئەو نەوەوەیەی لە رابردوودا خزمەتیان کردووە لەگەڵ نەوەی تازەدا بەمەبەستی بەهێزترکردنی پارتی”.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (3ـی تشرینی دووەمی 2022)، کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک دەستیپێکرد، دوای ده‌ستنیشانكردنی ده‌سته‌ی به‌رێوه‌بردنی كۆنگره، لیژنه‌ی باڵای ئاماده‌كاری كۆنگره‌ گوتاری خۆیان پێشكه‌شكرد.

له‌ درێژه‌ی كاره‌كانی كۆنگره‌دا، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، به‌ تێكڕای ده‌نگی ئه‌ندامانی كۆنگره‌، به‌ سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردرا. دواتریش هه‌ریه‌كه‌ له‌ نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی به‌ جێگرانی سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵبژێردران.