پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

نێچیرڤان بارزانی: به‌ هیوام ئێمه‌ و به‌غدا توانیبێتمان وانه‌ له‌ رووداوه‌كانی رابردوو وه‌ربگرین

سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “نابێت زۆنی سەوز و زەرد هەبێت، دەبێت زۆنی کوردستان هەبێت.” لەبارەی محەممەد شیاع سوودانی دوای هەڵبژاردنی وەکو سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق گوتی، “شایستەی ئەوەیە کە پشتگیری بکرێت” و داواش دەکات، “دەرفەتی پێبدرێت بۆئەوەی هەندێک لەو کێشانەی لە عێراق هەن، چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.”

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە دیداری مێری، کە تۆڕی میدیایی رووداو سپۆنسەری میدیایی دەکات، لەبارەی زۆنی سەوز و زەردەوە گوتی، “نابێت زۆنی سەوز و زەرد هەبێت، دەبێت زۆنی کوردستان هەبێت، من زۆر دژی بەکارهێنانی ئەو دەستەواژەیەم.”

دەربارەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، “هێندە رەشبین نیم کە بڵێم کێشەکانی پارتی و یەکێتی چارەسەر ناکرێن، بەڵام ئەوە گرنگە کە چۆن سەیری یەکدی دەکەین، دەبێت هەردوولا دان بە هەڵەکانی خۆیاندا بنێن و بگەینە تێگەیشتنێکی هاوبەش.”

سەبارەت بە بەڕێوەنەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کاتی خۆیدا، نێچیرڤان بارزانی گوتی، زۆر هەوڵی داوە هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، “بەڵام بەداخەوە حیزبەکان لەسەر شتی زۆر بێ واتا” نەگەیشتنە ئەنجام؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرۆکایەتیی پەرلەمانیش حەزیان نەدەکرد ماوەی پەرلەمان درێژبکرێتەوە و هیوای خواست بتوانن بۆ هەڵبژاردنەکانی دیکە “دەستوورمان هەبێت.”

لەبارەی دۆخی ئەمنیی عێراقەوە نێچیرڤان بارزانی گوتی، ئەگەر “دۆخی ئەمنیی عێراق تێکبچێت، هەرێمی کوردستانیش تێکدەچێت” گوتیشی، “هیوادارم عێراق و هەرێمی کوردستان توانیبێتمان وانە لە رابردوو وەربگرین.”

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، “مام جەلال و سەرۆک بارزانی ئەوەی لە توانایاندا بوو بۆ ئەم عێراقە کردیان.” گوتیشی، “سەقامگیریی عێراق بەندە بە هەرێمی کوردستانەوە. ئەگەر هەرێمی کوردستان لەڕووی سیاسییەوە سەقامگیر بێت، ئەمە دەستکەوت و سەرکەوتنە بۆ بەغدا،” مەرجی یەکەمی سەقامگیریی عێراقیش بە “چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان” دەزانێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نێچیرڤان بارزانی ئەوەی خستەڕوو، “ناکرێت بەغدا هەرێمی کوردستان بە کەم وەربگرێت، بۆ بەغدا وا باشترە کێشەکانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات، هەولێر داوای چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی دەستوور دەکات.”

هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، لە ساڵی 2004ەوە هەر حکومەتێک لە عێراق پێکهێندراوە، “هیچ دەقێکی نووسراو لەنێوانمان نەبووە، بەڵام ئێستا یەکەمجارە رێککەوتنێک هەیە و واژۆ کراوە.”