شوان محەمەد رۆستەم، ئەندامی پەرلەمانی عێراق: کورد بەیەکەوە دەستکەوتی باشی هەبووە

شوان محەمەد رۆستەم، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق، لە دیدارێکدا لەگەڵ هەولێر دەڵێت، کارنامەی حکوومەتی محەمەد شیاع سوودانی کۆمەڵێک بابەتی گرنگی تێدایە، پەرلەمانی دەنگی لەسەر داوە و بەپێییاسا دەبێت جێبەجێی بکات، بەجێبەجێ کردنیشی زۆربەی کێشەکانی هەولێرو بەغدا چارەسەر دەبن. دەشڵێ؛ هەموو ئەو پۆستانەی کە بەشی کورد بوون و لە کورد وەرگیراونەتەوە وەردەگرینەوە.

*ئەو دوو وەزارەتەی ماون کە هەر دووکیان بەشی کوردن کەییەکلا دەکرێنەوە؟

  • هەندێک گرفت هەن، بەڵام هەوڵ هەیە، بەتایبەتی دوای کۆنگرەی پارتی و گەڕانەوەمان بۆ بەغدا لەگەڵیەکێتی دەگەینە رێککەوتن و ئەوانیش یەکلا دەکرێنەوە، هەر چەندە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ئەوە بەشی پارتییە و یەکلا بۆتەوە، ئەوەی هەیە وەزارەتی ژینگەیە، وەکو پارتی پێمان وایە مافی خۆمانە ٣ وەزارەت وەربگرین، چونکە سەرکۆمار لەیەکێتییە، لە هەمان کاتیشدا وەزارەتێکیان وەرگرتووە، لەبەرامبەر ئەوەشدا پارتی مافی ئەوەی هەیە کە ٣ وەزارەت وەربگرێت.

*بەڵام هەر ئەو دوو پۆستە نین؟

  • بەداخەوە ماوەیەکە هەندێک گرفت هەن، ئەویش بە حوکمی ئەو کارە تیرۆریستییەی کە لە هەولێر کرا و بووە ھۆی شەھید کردنی ئەفسەرێکی ئەمنی، لەلایەن کۆمەڵێک خەڵکەوە کە بەرپرسی ئەمنین، ئەوەش هەندێک ساردی دروست کردووە، چونکە پارتی پێیوایە هەولێر ھێلی سوورەو پایتەختی هەرێمی کوردستانە، دەبێت هەموو کوردێک خۆی بە بەرپرسیار بزانێت بەرامبەر بە دابینکردنی ئەمن و ئاسایش بۆ هەرێمی کوردستان، بۆیە ئەوە هەندێک گرژی دروست کردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەبێت ئەو پۆستانە وەربگرینەوە کە بەشی کوردە و چەندین ساڵە لە کورد وەرگیراونەتەوە، بۆیە هەموو ئەو پۆستانە، لەگەڵ پۆستی وەزارەتی ژینگە، پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەبنەیەک پاکێج و دەبێت لەسەری رێک بکەوین.
  • کارنامەی حکوومەت چۆن دەبینن؟
  • کارنامەکە، کارنامەیەکی زۆر باشە، لە چوارچێوەی دەستوور زۆربەی مافەکانی خەڵکی کوردستانی تێدایە، جاران کورد لەگەڵ حزبەکان رێکدەکەوت، بەڵام ئەمجارە رێککەوتنەکە چووە ناو بەرنامەی کاری حکوومەت و لە پەرلەمان دەنگی لەسەر درا، چ ماددەی ١٤٠، یاسای نەوت و گاز، کێشەی شنگال، بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، چ ئەو بابەتانەی کە کێشەیان لەسەرە لە نێوان هەولێر و بەغدا، هەموو ئەوانە کاتیان بۆ دانراوە، دەمێنێتەوە لەسەر راستگۆیی شیعە و سوودانی کە تا چەند کارنامەی حکوومەت جێبەجێ دەکەن، لەگەڵیەک تیمی و یەکهەڵوێستی کورد رۆڵیخۆی دەبینێت، چونکە ئەگەر کورد یەکڕیز نەبێت ناتوانێت مافەکانی خەڵکی کوردستان بە دەست بهێنێت.
  • بەرهەمی یەکڕیزی کورد لە بەغدا چی بووە؟
  • هەموو ئەو مافانەی بە دەست ھاتوون بەرهەمی یەکڕیزی کورد بوونە، هەموو لایەنەکان رۆڵیان بینیوە بۆ ئەو داواکاریانە کە لە بەرنامەی کاری حکوومەت جێگیر کراون، بەتایبەتی پارتی، لەسەرووی هەموویانەوە سەرۆک بارزانی، چونکە ئەگەر پارتی و سوننە بەشداریان لە کابینەکەدانەکردبایە حکوومەت پێک نەدەهات، بۆیە فاکتەری سەرەکی سەرۆک بارزانی بوو، لە جێگیرکردنی داواکارییەکانی کورد لە کارنامەی کابینەی سوودانی.
  • کارنامەی حکوومەت شتی باشی تێدایە بۆ کورد، بەڵام میکانیزمی جێبەجێ کردنەکەی چۆن دەبێت؟
  • دەبێت هەرچی زووە پارتی و یەکێتی ئەو دوو وەزارەتەیەکلا بکەنەوە، ئەو کات لە حکوومەت چوار وەزیرمان دەبێت، هەروەھا زیاتر لە ٦٠ پەرلەمانتاری کورد لە بەغدا هەن، بە هەموومان دەبێت فشار لەسەر حکوومەتی عێراق دروست بکەین، بۆ ئەوەیهەرچی لە کارنامەکەدا ھاتووە جێبەجێ بکرێت، لەگەل ئەوەش میکانیزمەکە یاساییە، قۆناغی باشی بڕیوە و داواکارییەکان لەبەردەم حکوومەتن و پەرلەمان دەنگی لەسەر داوە، بۆیە پێویستە حکوومەت بەپێی یاسا جێبەجێیان بکات، بۆیە ئەمجارە شتی زۆر باش کراوە و چاوەڕێ دەکەین بۆ ئەوەی بزانین لەو ماوەیەدا چی دەکرێت.
  • پێتوایە ئەمجارەڕێککەوتنەکان جێبەجێ بکرێن؟
  • بابەتەکە تازەیە، ھیچ شتێک لە عێراق جێی دڵخۆشی نییە، لە عێراق متمانە نییە، ئەمە یەکێکە لە کێشەکان، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی محەمەد شیاع سوودانی، پیاوێکە لە گەندەڵی دوور بووە، پیاوێکی ئیدارییە، خۆی سەرۆک بارزانی بینیوە و رێککەوتنێکی تایبەت لە نێوان ئەو و سەرۆک بارزانی کراوە، بەڵێنی داوە، بۆیە ئەگەر دەیەوێت بمێنێتەوە، دەبێت راستگۆ بێت و کارنامەکەی جێبەجێ بکات، ئەگەرنا لە هەڵبژاردنی داهاتوو وەکو سەرۆک وەزیرانی دیکە ھێلی سووریان لەسەر دەبێت و جارێکی دیکە ناتوانێت ببێتەوە بە سەرۆکی حکوومەت.

*بۆچی تا ئێستا سەرۆکی لیژنەکانی پەرلەمانیەکلا نەکراونەتەوە؟

  • ئێستا حکوومەت پێکهاتووە، دوای ئەوەی پەرلەمان دەست بە دانیشتنەکانی خۆی دەکاتەوە، سەرۆکی لیژنەکان دیاری دەکرێت، کە ئێستا زۆربەی لیژنەکان پێکهاتوون، بەڵام سەدرییەکان پاشەکشەیان کرد، دەبێت هەندێک لیژنەی دیکە زیاد بکرێن، گۆڕانکاری لە لیژنەکاندا بکرێت و سەرۆکی لیژنەکان یەکلا بکرێتەوە”.
ھەواڵی زیاتر