حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی سێ ساڵەی كابینەی نۆیەم، ژمارەیەك پڕۆژەی جیاوازی لە سەرجەم ناوچەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێکردووە و بەردەوامیشە لە جێبەجێ کردنی پرۆژەی دیکە.
پارێزگای دهۆك وەک پارێزگاکانى دیکەی هەرێمی کوردستان، ئێستا چەندین پڕۆژەی جیاوازى لە سێكتەرە خزمەتگوزارییەكان تێدا جێبەجێ دەکرێت.
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆك بە پێگەی فەرمی حكومەتی ڕاگەیاند:”لە سێ ساڵى ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ و ٢٠٢٢، بە گشتی ٦٥٥ پڕۆژەمان لە پارێزگای دهۆک ئەنجامداوە کە گوژمەى هەموویان ٤٨٨ ملیار و ٩٩١ ملیۆن دینار بووە.”
پڕۆژەکانیش بە پێى ساڵەکان بەم شێوەیە دابەش بوون:
ـ لە ساڵی ٢٠٢٠دا پرۆژەکان بریتی بوون لە ١٤٤ پڕۆژە کە ١٣٦ پڕۆژەیان تەواو بوون و ٨ پڕۆژەی گەورەشیان ئێستا كاریان تێدا دەكرێت کە گوژمەی سەرجەمیان ٢٣٥ ملیار دینار بووە.
ـ لە ساڵی ٢٠٢١دا ژمارەی پرۆژەکان ١٣٣ پڕۆژە بوون کە ٩٨ پڕۆژەیان تەواو بوون و ٣٥ پڕۆژەشیان ماون کە گوژمەی سەرجەمیان ٩٠ ملیار دینار بووە.
ـ پرۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٢، بریتییە لە ٣٧٨ پڕۆژە، کە ١٩١ پڕۆژەیان کەوتوونەتە كار یان کاریان تێدا دەكرێت. هەروەها ١٨٧ پڕۆژەشیان لە قۆناغی تەندەرنینگن و گوژمەی ئەم پڕۆژانەش ١٦٤ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دینار بووە.
ئەو پڕۆژانەی کە لە ئەنجامی سەردانی سەرۆكی حكومەت بۆ شاری زاخۆ بڕیاریان لەسەر دراوە بریتى بوون لە ٥١ پڕۆژە، کە ٤٩ پڕۆژەیان كەوتوونەتە خزمەتی هاووڵاتیان و یەكێكیش لەو پڕۆژانە ٩٨%ى تەواو بووە و ئەوەی دیکەش کاری تێدا دەکرێت، چونکە پڕۆژەیەكی گەورەیە و گوژمەکەی ٥٠ ملیار دینارە.
لە قەزای ئامێدی ١٠٥ پڕۆژە بڕیاریان لەسەر درا کە ١٠٤یان كەوتوونەتە خزمەتی هاووڵاتیان و تەنیا یەك پڕۆژەیان ماوە کە ئەویش پڕۆژەی نەخۆشخانەی دێرەلووكە و لەبەر ئەوەی پڕۆژەیەكی گەورەیە ئیشكردن تێیدا بەردەوامە و هەندێك كاتی ماوە بۆ تەواوبوون. ئەو پڕۆژانەش لەم قەزایە، بە گوژمەی ٩٠ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینارن.
لەماوەی ئەو چەند ڕۆژەی دواییش ژمارەیەك پڕۆژەی دیکە هاتووە، لەوانە ١١ قوتابخانەی ١٨ پۆلی و ٢ یوتێرن لەسەر جادەی بارزان لە بواری جێبەجێکردندان و بە دروستکردنیشیان ئەو ڕێگەیە دەبێتە ڕێگەیەكی خێرا، واتە كاتێك لە دەروازەى ئیبراهیم خەلیلەوە دێیتە نێو هەرێمی كوردستان، تا دەگەیتە هەولێر تەنیا یەک ترافیكلایت لەسەر ڕێگەکە دەمێنێت کە ئەویش ترافیكلایتی شێخانە، واتە بە دروستكردنی ئەو دوو یوتێرنە کار ئاسانی زۆر بۆ شۆفێران دەکرێت.
جگە لەوانەش پڕۆژەی دیکەی تایبەت هەن کە ئەنجومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر داون و جێبەجێ كراون، هەندێک پڕۆژەی لەناكاویش هەیە، وەك ڕووخانی پرد یان دابینكردنی ئاو بۆ شوێنێك، ئەوانەش ڕاستەوخۆ جێبەجێ دەكرێت. پڕۆژەكانیش دابەش كراون بەسەر سێکتەرەکانى شارەوانی، تەندروستی، پەروەردە، ڕێگاوبان، ئاو و ئاودێری و كارەبا.