فوئاد حوسێن: ڕێككه‌وتنی گشتگیر له‌نێوان حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی نوێی عێراق واژوو كراوه‌

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق ئه‌مڕۆ سێشه‌م له‌ دیمانه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیدا ئاشكرای كرد، حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی نوێی عێراق ڕێككه‌وتنێكی گشتگیریان واژوو كردووه‌ له‌سه‌ر زۆرێك له‌ دۆسییه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوانیان.

فوئاد حوسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی (عه‌ره‌بییه‌) ڕایگه‌یاند: به‌ر له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق، حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی ناوه‌ند ڕێككه‌وتنی گشتگیریان واژوو كردووه‌ له‌سه‌ر زۆرێك له‌ دۆسییه‌كان له‌نێوان هه‌ردوولادا.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ گوتی: به‌ر له‌وه‌ی حكوومه‌تی نوێی عێراق پێكبهێنرێ، حكوومه‌تی هه‌رێم و حكوومه‌تی ناوه‌ند له‌سه‌ر چاره‌سه‌كردنی هه‌موو كێشه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ڕێككه‌وتنیان كردووه‌ به‌ پرسی نه‌وت و ئه‌منیشه‌وه‌.

فوئاد حوسێن جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ له‌ ڕابردوودا كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی هه‌ڵپه‌سێردراو له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا هه‌بووه‌‌، به‌تایبه‌ت ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ده‌ستووره‌وه‌ هه‌بووه‌‌ وه‌ك مادده‌ی 140 و ناوچه‌ی كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان و مادده‌ی 110ی یاسای نه‌وت و گاز و ناكۆكییه‌كان له‌سه‌ر سیاسه‌تی نه‌وت له‌نێوان هه‌ردوولا و‌ كێشه‌ی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی داراییدا.

سه‌باره‌ت به‌ ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێران و توركیاش، گوتی: ئێمه‌ وه‌ك حكوومه‌تی عێراق ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێران و توركیا له‌ ناوخۆی وڵات ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌وڵیش ده‌ده‌ین خاڵه‌ ناكۆكه‌كانمان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ به‌ ڕێگه‌ی دیالۆگه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ین.

فوئاد حوسێن ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ حكوومه‌تی نوێی عێراق ده‌یه‌وێت به‌شێوه‌یه‌كی گشتی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ و ده‌ره‌وه‌ باشتر بكات، په‌یامی عێراق په‌یامی ئاشتییه‌، بۆیه‌ ڕه‌تی ده‌كه‌ینه‌وه‌ خاكی عێراق بكرێته‌ گۆڕه‌پانی ململانێ هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان