قوباد تاڵەبانی: پارتی و یەکیەتی بەیەکگرتووی ڕووبەرووی ئاڵەنگارییەکان بوونەوە

قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یێنێت، توانیویانه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پلانه‌كان بپارێزن و له‌ ناكۆكییه‌ حزبییه‌كانیش دووربخه‌نه‌وه‌، سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ی چاكسازی كابینه‌ی نۆیه‌م، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات، جه‌ختیان له‌سه‌ر چاكسازی ریشه‌یی كردووه‌ته‌وه‌ و هه‌نگاوه‌كانی چاكسازییان خێراكردووه‌. ده‌شڵێت: پارتی و یه‌كێتی به‌یه‌كگرتوویی رووبه‌ڕووی ئاڵنگارییه‌كان بوونه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 1ـی تشرینی دووه‌می 2022، هه‌ر یه‌ك له‌ قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و جێنین پلاسخارت، نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ كاروباری عێراق له‌میانی دیداری (مێری) به‌شداریان له‌ پانێلی (حكومڕانی و ریفۆڕم له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان) كرد.

له‌میانی به‌ڕێوه‌چوونی پانێله‌كه‌، قوباد تاڵه‌بانی باسی له‌ به‌رنامه‌ی چاكسازی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد و رایگه‌یاند، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێویستی به‌ ژینگه‌یه‌كی گونجاو هه‌یه‌ بۆ كاركردن و ئه‌نجامدانی چاكسازی و جه‌ختی له‌سه‌ر چاكسازی ریشه‌یی كردووه‌ته‌وه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، هه‌نگاوه‌كانی چاكسازییان خێراتركردووه‌. سه‌باره‌ت به‌ داهات و خه‌رجییه‌كانی حكومه‌ت، قوباد تاڵه‌بانی گوتی، “كابینه‌ی نۆیه‌م هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونییه‌وه‌، بیری له‌ زیادكردنی داهات و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان كردووه‌ته‌وه‌”.

ناوبراو له‌ به‌رده‌وامی قسه‌كانیدا باسی له‌ پلانه‌كانی دژ به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد و ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو، كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رووبه‌ڕووی بڕینی بودجه‌ و شه‌ڕی تیرۆر بووه‌وه‌ و ئه‌گه‌ر به‌غدا بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستانی نه‌بڕیبایه‌، هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی وه‌كو خۆی جێبه‌جێده‌كران. دووپاتیشیكره‌وه‌، توانیویانه‌ حكومه‌ت له‌ پلانه‌كان بپارێزن و له‌ناكۆكییه‌ حزبییه‌كان دووربخه‌نه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندی نێوان پارتی و یه‌كێتی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، پارتی و یه‌كێتی هه‌ردووكیان به‌شدارن له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا و له‌ماوه‌ی رابردوودا به‌یه‌كگرتوویی رووبه‌ڕووی ئاڵنگارییه‌كان بوونه‌ته‌وه‌. ناوبراو پێی وابوو پێویسته‌ چاكسازی له‌نێوخۆیی حزبه‌كانیشدا بكرێت و گوتی:   له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌س باسی چاكسازی نێو حزبه سیاسیه‌‌كان ناكات و جه‌ختیشی له‌وه‌كرده‌وه‌، پێویسته‌ هاوسه‌نگی له‌نێوان سیاسه‌ت و سیاسییه‌كان رابگیرێت.

گه‌نده‌ڵی له‌ عێراق و كه‌می خزمه‌تگوزراییه‌كان له‌ به‌شێك له‌ پارێزگاكانی باشوور و خوارووی عێراق یه‌كێك بوو له‌و ته‌وه‌رانه‌ی له‌میانی پانێله‌كه‌دا قوباد تاڵه‌بانی قسه‌ی له‌سه‌ر كرد و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، به‌ ملیاران دۆلار له‌ كاره‌با و ئاوی عێراق به‌هه‌ده‌ر چووه‌ و 17 ساڵه‌ عێراق نه‌بووه‌ته‌ خاوه‌نی كاره‌بای 24 كاتژمێری و دووپاتیشی ده‌كاته‌وه‌، پێویسته‌ سوود له ئه‌زموون و‌ پسپۆڕی وڵاتانی پێشكه‌وتوو وه‌ربگیرێت.