پاش کۆنگرە پارتی دوو وەزارەتەکەی لە حکومەتی تازەی عێراق یەکلا دەکاتەوە

ئه‌ندامێكی ئەنجوومەنی نوێنه‌رانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژە بەوە دەدات، لە دوای كۆنگرەی چواردەمی حزبەكەی، پارتی هەردوو پۆستی وەزاری كە پشكی خۆیەتی لە حكوومەتی تازەی عێراق، یەكلا دەكاتەوە.

شێروان دووبه‌ردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق راگەیاند: ”پارتی له‌ 2018 ژماره‌ی كورسییه‌كانی 26 كورسی بووه، ئێستا بووه‌ به‌ 31 كورسی و 6 كورسی زیادی كردووه‌، یه‌كێتییش له‌ 2018 ژماره‌ی كورسییەكانی 18 بووه‌ و ئێستاش 18 كورسییه‌، لە كابینه‌ی رابردووی حكوومەتی عێراقدا یه‌كێتی وه‌زاره‌تی داد و سه‌ركۆماری بردووه‌، پارتیش ئەوكات دوو وه‌زاره‌تی له‌ده‌ست بووه‌ كە وەزارەتەكانی (ده‌ره‌وه‌ و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌) بوون.“

ڕوونیشی كردەوە كە ئێستا بەهۆی ئەوەی پارتی شەش كورسی زیادی كردووە، پۆستی سەركۆمار و وەزیری دادیش بە یەكێتی دراوە، بۆیە یەكێتی سەرجەم خاڵەكانی خۆی بردووە، پارتیش جگە لە وەزارەتی دەرەوە، مافی ئەوەی هەیە هەردوو وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و ژینگەی عێراقیش وەربگرێت.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی جەختی لەوە كردەوە كە دوای كۆنگرەی چواردە، پارتی هەردوو وەزارەتەكە یەكلا دەكاتەوە و ئەگەر پێویست بكات، لەبارەیەوە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداریش گفتوگۆ دەكرێت.