باڵیۆزخانەی ئەمریکا چاکسازییەکانی پێشمەرگە بەرز دەنرخێنێت 

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی هەرێم، پێشوازی لە کۆڵۆنێڵ ئیڤەنس، پاشکۆی سەربازی لە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق و کۆڵۆنێل سانبۆرن، بەرپرسی ئۆفیسی هاریکاریی سەربازی لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر کرد.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا بە بایەخەوە باسیان لە یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کرد؛ هەردوولا هاوڕابوون لە جێبەجێکردنی خاڵەکانی ناو کارنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا.

وەزیری پێشمەرگە ڕایگەیاند، “سوپاسی گەل و حکوومەتی ئەمریکا و ڕاوێژکارانی سەربازیی ئەمریکا دەکەین، لە پاڵپشتی و پشتیوانییەکانیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە لە پڕۆسەی چاکسازی و درووستبوونی هێزێکی نیزامیی تۆکمەی سەردەمیانە”

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری پێشمەرگە بە گرنگییەوە تاووتوێی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق کرد و رایگەیاند، “هەوڵەکانمان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق و سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی تری عێراق لە ڕووبەڕووبوونەوە و تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش بەردەوامە.”

کۆڵۆنێل ئیڤەنس، ستایشی هەنگاوەکانی وەزیری پێشمەرگەی کرد لە ڕێکخستنەوەی هێزەکان و هەنگاوەکانی پڕۆسەی چاکسازی؛ هەروەها قارەمانییەتی و ئازایەتیی پێشمەرگەی لە ڕووبەڕوبوونەوەی تیرۆریستانی داعش و پاراستن و ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە بەرز نرخاند.