گرووپە چەکدارەکانی نێو شنگال ئامادەنین بچنە دەرەوە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی داوا لە حکوومەتی نوێی عێراق دەکات گرنگی بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال بدات، لەگەڵ ئەوەی داوا دەکات رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکرێت. قایمقامی شارەکەش، دەڵێ، ئەگەر رێککەوتنەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بارودۆخی شارەکە ئاسای دەبێتەوە، کە تائێستا ھێزەکانی میلیشیا لە شنگال بڕیارەکانی حکوومەت جێبەجێ ناکەن و ئامادە نین شارەکە چۆڵ بکەن.

کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە ھەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لەسەر دۆخی شنگال بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ململانێ لە شنگال کاریگەری زۆر خراپی لەسەر کەرتی پەروەردە کردووە و پرۆسەی گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی زۆر لەسەرخۆ دەڕوات.
لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، ھەولێر و بەغدا بە چاودێری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، رێککەوتنی ئاسییکردنەوەی دۆخی شنگالیان واژۆکرد، کە گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنەکە بریتییە لە چوونە دەرەوەی ھەموو ھێزە چەکدارە نایاساییەکان لە شنگال و سپاردنی ئاسایشی قەزاکە بە پۆلیس و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق، لەگەڵ دانانی قایمقامێکی نوێ و ئاوەدانکردنەوە و دووبارە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان.
لە کارنامەی کابینەکەیدا، محەممەد شیاع سوودانی، باسی چارەسەری بەشێک لە کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەولێر و بەغدای کردووە، لەوانە، دۆسیەی نەوت و گاز، جێبەجێکردنی ماددەی ١٤٠ی دەستوور، بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، رێککەوتنی شنگال، پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی.
جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، یەکێکە لە خاڵەکانی کارنامەی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، کە بەگوێرەی کارنامەکە دەبێت ئاسایش و ئارامی بۆ قەزای شنگال بگەڕێتەوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتی کاروباری ئێزدیان، لە ساڵی ‏‏٢٠١٤ لە کاتی شەڕی داعش، سەرەڕای شەھیدبوون و رفاندنی شەش ھەزار و ٤١٧ ھاووڵاتی، نزیکەی ١٢٠ ھەزار کەسی خەڵکی شنگال ‏بۆ دەرەوەی وڵات ‏کۆچیان کردووە.
لە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان، حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھاوئاھەنگی لەگەڵ نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر چەند خاڵێک رێککەوتن، یەکێک لە خاڵەکان ئەوە بوو لە رووی کارگێڕییەوە، قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال دیاری بکرێت، کە سەربەخۆ و پیشەیی بێت، دوای دیاریکردنی قایمقام، چاو بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکەدا بخشێنرێتەوە، لە رووی ئەمنییەوە، ھەروەھا پێویستە تەنیا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری بەرپرسیارێتیی ئاسایشی نێو شارۆچکەکە لە ئەستۆ بگرن، ھەموو رێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە بۆ دەرەوەی سنووری شارۆچکەی شنگال دوور بخرێنەوە، لە رێگەی دامەزراندنی ٢٥٠٠ کەسەوە لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆ، لایەنی ئاسایشی شارۆچکەکە بەھێز دەکرێت، کۆتاییھێنان بە بوونی پەکەکە لە شنگال، لە رووی ئاوەدانکردنەوە، لیژنەیەکی ھاوبەش لە حکوومەتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان پێکبھێنرێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی شارۆچکەکە، بەڵام وەکو نوێنەرانی شنگال لە پەرلەمانی عێراق بۆ ھەولێر دەڵێن، نە رێککەوتننامەکە جێبەجێکرا نە عێراق و نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ھاوکاریی خەڵکی شنگال دەکەن، دواخستنی بووە ھۆی خراپی دۆخی ناوچەکە و نەگەڕانەوەی خەڵکەکە، ھەروەھا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەو ئێزدییانەی کە تاوەکو ئێستاش لەنێو کەمپەکاندا دەژین، لە دۆخێکی ناھەمواردان و لە زستان سەرما و لە ھاوینیش گەرما و رووداوی نەخوازراو تەنگیان پێھەڵدەچنێت.
میر حازم تەحسین بەگ، میری کوردانی ئێزدی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی:” چەند رۆژێک لە شنگال مامەوە لە نزیکەوە چاوم بە خەڵکی شنگال کەوت بۆ ئەوەی بۆچوونیان وەربگرم، خەڵکی شنگال داوایان ئەوەیە لەو دۆخەی تێکەوتوونە رزگار بکرێن و رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا جێبەجێ بکرێت، لەگەڵ دەستبەکاربوونی حکوومەتی نوێی عێراق، ھیوادارم دۆخی ئەو وڵاتە سەقامگیر بێت، لەبەرئەوەی کاتێک دۆخی عێراق جێگیربوو، ھەرێمی کوردستانیش ئارامیی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت”.
ھەر لەو کۆنفڕانسە رۆژنامەوانیەدا رایگەیاند، خەڵکی ئێمە جینۆسایدکراون، بۆیە بە ئەرکی سەرشانی خۆمی دەزانم داواکارییەکانیان بگەیێنمە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق.
لە بارەی ھەوڵەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی کوردانی ئێزدی بۆ زێدی خۆیان، میر حازم تەحسین بەگ گوتی:” داوای دیدارمان کردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق کۆببینەوە و چاوەڕوانین کاتێکمان بۆ دیاری بکات بۆ ئەوەی سەردانی بەغدا بکەین و داوا لە سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین، کە شنگال ئاوەدان بکاتەوە، بارودۆخی شارەکە ئاسایی بکرێتەوە.
ژیان ‌و گوزەرانی ‏ئاوارەکانی نێو کەمپەکان ‏رۆژ لە دوای رۆژ ‏خراپتر ‏دەبێت بەھۆی ھاوکاریی نەکردنیان لەلایەن رێکخراوەکان و حکوومەتی عێراقەوە. لەزگین تەحسین، ئاوارەیەکی شنگالە و زیاتر لە ٨ ساڵە ئاوارەی سنووری دھۆک بووە، بۆ ھەولێر دەڵێت:” بە دەیان کەس لە کەسوکاری ئێمە جینۆساید کراون، بۆیە داوا دەکەین ئەو کارەساتەی بەسەر ئێزدییەکان ھاتووە بە جینۆساید بناسرێت، خەڵکی زیان لێکەوتوو قەرەبوو بکرێتەوە، ھەروەھا رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا جێبەجێ بکرێت، چونکە رەوشی شنگال خراپە ئەمن و ئەمان نییە، بەڵام ئەگەر رێککەوتنی ھەولێر و بەغدا جێبەجێ کرا، ھێزە چەکدارەکان کە لە پارچەکانی دیکەوە ھاتوون لە شارەکە نەمان، بە ئاسانی دەتوانین بگەڕێینەوە و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەین.
ژمارەی ئاوارەکانی ‏شنگال لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ‏‏٣٣٠ ھەزار کەسە، لەو ژمارەیە ‏نزیکەی ٤٠ ھەزاریان لە دەرەوەی ‏کەمپەکان دەژین، ‏بەپێی ئاماری قایمقامی قەزای شنگال ھێشتا ٧٥% خەڵکی ‏شنگال ئاوارەن، لە کاتێکدا لەکۆی ٦٦٤ ھەزار ئاوارەی ھەرێمی کوردستان سەدا ٣٠ـیان ئێزیدی و ھێشتا چارەنووسی زیاتر لە دوو ھەزار ھاووڵاتی ئەو پێکھاتەیە نادیارە دوای رفاندیان لەلایەن داعش لە ئابی ٢٠١٤ـدا.
نایف سیدۆ، قایمقامی قەزای شنگال بە وەکالەت، بۆ ھەولێر، گوتی:” تاوەکو ئێستا دوو ساڵ بەسەر ڕێککەوتنی شنگالدا تێپەڕ بووە و لە کۆی پێنج خاڵ، یەک خاڵیشی جێبەجێ نەکراوە، ئەگەر جێبەجێ کرابووایە زۆر گرنگ بوو، چارەسەری بنەڕەتییش ئەوەیە کە کار بکرێت لە ناوچە کوردستانییەکان ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرێت، چونکە کۆتایی بە ھەموو کێشەکان دێنێت، بەڵام بۆ ئەم قۆناغە جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتننامەیە زۆر گرنگ بوو، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
نایف سیدۆ، ئاماژەی بەوەشکرد:” چاوەڕێ دەکەین لە حکوومەتی نوێی عێراق بەجددی کار بکات بۆ ئەوەی ماددەی ١٤٠جێبەجێ بکرێت و ڕێککەوتنەکەش بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
قایمقامی شنگال، ئاماژەی بەوەش دا، ئەوەی کێشەیە تاوەکو ئێستا ھێزە میلیشیاکان لە شنگال بڕیارەکانی حکوومەت جێبەجێ ناکەن و تەنیا بڕیاری خۆیان جێبەجێ دەکەن، بۆیە ئەمە وای کردووە ڕێککەوتنەکە جێبەجێ نەکرێت، بەڵام گرنگ و پێویستە چیتر کوردانی ئێزدی لەم دۆخەدا نەمینێن و چارەسەری کێشەکانیان بکرێت و دۆخی شنگال ئاسایی بکرێتەوە و ئاوارەکانیش بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵوحاڵی خۆیان”.