سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لە ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هۆشداری دەدرێ

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا زۆرترین کاریگەریی لەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و هۆشداری دەدرێ لە ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا. عێراق یەکێک لەو وڵاتانەیە کە زیاتر لەبەردەم هەڕەشەی کەمئاویی و کۆچی بەکۆمەڵی خەڵکە و بەهۆی گەندەڵی و کێشە سیاسییەکان، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکان توانایان نەبووە لە کاریگەرییەکانی گۆڕانکاریی کەشوهەوا کەم بکەنەوە.

بەپێی دواین ڕاپۆرتی ئاژانسی پەنابەرانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ٩٠%ی کۆچبەران لەو وڵاتانەوەن کە بە وڵاتی لەرزۆک لە بواری گۆرانکاریی کەشوهەوا هەژمار دەکرێن و هیچ توانایەکیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا نییە. ئێمی پۆپ، یاریدەدەری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران گوتوویەتی: ئەگەر خەڵک نەتوانن کشتوکاڵ بکەن، ئەگەر نەتوانن کار بکەن و نەتوانن بەشی پێداویستیی خۆیان خۆراک دابین بکەن، ئەلترناتیڤی زۆر کەمیان هەیە تا هانای بۆ بەرن، ناچار کۆچ دەکەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢١ ڕووداوە سروشتییەکان سێ ملیۆن کەسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا ئاوارە کردووە و پێشبینی دەکرێ دۆخەکە زۆر لەوە خراپتر بێت.
هاوکات بەپێی ڕاپۆرتی بانکی جیهانیی ئەگەر پلەی گەرمی لە ئاستی جیهاندا یەک پلە گەرمتر ببێت و بارانیش بەرێژەی ١٠%ی تر کەم بکات ئەوا سەرووی ٢٠% لە ئاوی خواردنەوە و پاکی عێراق لەناو دەچێت، بەهۆیەوە یەک لەسەر سێی زەوییە کشتوکاڵییەکان بە کەڵکی کشتوکڵ نایەن و قەیرانێکی گەورە ڕوو لە عێراق دەکات کە ژمارەی دانیشتووانی ٤٢ ملیۆن کەس دەبێت.
جێی باسە جگە لە گۆڕانکاری کەشوهەوا تورکیا بە دروستکردنی ژمارەیەکی زۆری بەنداو، لە ئاوی دیجلە و فوراتی کەم کردۆتەوە و ئێرانیش ڕێڕەوی بەشێک لە ڕووبارەکانی گۆڕیوە کە دەڕژێنە عێراق و هەرێمی کوردستان.
هەفتەی ڕابردووش لە ئیتالیا ڕاپۆرتێک بڵاو کرایەوە کە هۆشداری دابوو لەوەی تا ساڵی ٢٠٤٠ هەندێک ڕووباری عێراق بە تەواوی وشک دەبن و تا ساڵی ٢٠٥٠ ڕێژەیەکی بەرز لە دانیشتووانی عێراق ئاوارە دەبن.
کاریگەرییەکانی کەشوهەوا مەرج نییە کەمبوونەوەی ئاو بن بەڵکوو پێچەوانەکەشی ڕوو دەدات. لێکۆڵەرەوان پێشبینییان کردووە تا ساڵی ٢٠٦٠ کەرتی کشتوکال لە میسر کە بە یەکێک لە گرنگترین وڵاتانی بەرهەمهێنەر لە بواری کشتوکاڵ هەژمار دەکرێت، بە ڕێژەی ٤٧% کەم بکات.
هاوکات بانکی جیهانیی پێی وایە تا ساڵی ٢٠٥٠ ئەگەر هیچ هەنگاوێک بۆ ڕێگری لە کارەساتەکان نەگیرێتە بەر ئەوا، ٢١٦ ملیۆن کەس لە ناوخۆی وڵاتان بەهۆی گۆڕانکاریی کەشوهەوا ئاوارە دەبن. لەوانە سەرووی ١٩ ملیۆن کەسیان لە باکووری ئەفریقا ئاوارە دەبن.
بەگوتەی دامەزراوەی IEMED سەرووی ٧% لە دانیشتووانی باکووری ئەفریقا لەبەردەم مەترسیی زۆربوونی ئاودان کە لە کەنارەکان دەژین و ڕووبەری ناوچەکانیان تەنیا پێنج مەتر لە ڕووی زەریا بەرزە. ئەو خەڵکەی لە کەناردەریاکان دەژین ناچارن بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاو ناوچەکانیان جێ بهێڵن.
لە شاری ئەسکەندەریەی میسر، دوو ملیۆن کەس کە دەکاتە یەک لەسەر سێی دانیشتووانی شارەکە لە ئەگەری بەرزبوونەوەی نیو مەتر لە ئاوی دەریا ئاوارە دەبن و ٢١٤ هەزار پیشە و کاسبیش لەناو دەچن و خەڵک بێکار دەبن.
لەو ١٧ وڵاتەی جیهان کە لەبەردەم هەڕەشەی کەمبوونی ئاون، ١١ وڵاتیان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەراست و باکووری ئەفریقا هەڵکەوتوون.
ئوردن کە بە وشکترین وڵاتانی جیهان ناسراوە ناچار بوو، هاوردەی ئاو لە ئیسرائیل تا ساڵی ٢٠٢١ بۆ دوو هێندە بەرز بکاتەوە و کەرتی غەززەش ساڵانەکی زۆرە تووشی کەمئاوی بووە و بەدەست ئەو قەیرانەوە دەناڵێنێت.
هەرێمی کوردستانیش لەو ڕووەوە بێ کاریگەر نابێت، ئەگەر سیاسەت و پلانی گونجاو بۆ ڕووبەرووبوونەوەی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا ڕەچاو نەکات و پێش بە فیڕۆدانی ئاو نەگرێت و ئاوی زیاتر گل نەداتەوە. جگە لەمە ئەو مەترسییەش لە سەر هەرێمی کوردستانە کە بە شەپۆل خەڵک لە باشوورەوە ڕووی تێکەن و لێی نیشتەجێ ببن و دواجار گۆڕانکاری بە سەر دیموگرافییەکەیدا بهێنرێت.