سوبحی مەهدی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی شیوعی كوردستان: هەندێک حزب بە ئامار لەبەردەستیدابوو لە هەڵبژاردن پاشەکشە دەکات بۆیە ڕێگربوون

مەزهەر كەریم – سلێمانى

سوبحی مەهدی، وتەبێژ و ئەندامی مەكتەبی سیاسی حیزبی شیوعی كوردستان، لەم چاوپێكەوتنەدا بۆ “هەولێر” دەڵێت:” هەندێك حیزب بەهۆی ئەو ئامارانەی لەبەردەستیاندایە تێ دەگەن كە لەو هەڵبژاردنانەدا بەرەو پاشەوە دەگەڕێنەوە، بۆیە هەوڵی دانانی لەمپەر و رێگرن لە ئەنجام دانی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا”.

  • حیزبی شیوعی، چۆن گۆڕانکارییەکانی ئێستای عێراق ‌و كوردستان دەبینێت؟
  • لە هەموو گۆڕانكارییەكاندا لەعێراق یان لەكوردستان، مەرجەعی سیاسی ‌و فیكریمان بەڵگەنامەكانی كۆنگرە و بڕیار و راسپاردەكانی كۆمیتەی ناوەندییە، كە بەشێوەیەكی دەوری رێكخراون و مەكتەبی سیاسی لە كۆبونەوەكانیدا بە دواداچوون بۆ ئەو ئەرك و رووداو و گۆڕانكارییە نوێیەكان دەكات، لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكانی تری هەرێم ئالوگۆڕی بیروڕایان لەبارەوە دەكات، بۆ دروستكردنی كۆ دەنگییەكی نیشتمانی لە هەمبەر پرسە چارەنووس سازەكان”.
  • بۆچوونتان لەبارەی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان چییە؟
  • پەرلەمانی كوردستان بۆ خولێكی تەواو كە چوار ساڵە خەڵك دەنگی پێداوە، بەكۆتایی هاتنی ئەو چوار ساڵە، تەمەنی بەكۆتا دێت، هیچ بەندێكی یاسایی و دەستوری تەنانەت پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان خۆشی، رێگە نادات بۆخۆی تەمەنی خۆی درێژبكاتەوە. رەنگە هەندێ جار لە هەندێك پەرلەمانی دونیادا بەهۆی كارەساتێكی سروشتی، یان شەرێكی نێوخۆیی، یا شەڕی دەوڵەتێک لەگەڵ دەوڵەتێكی تردا، یان بڵاوبونەوەی پەتایەكی گشتگیر، بەهانەیەكی رەخساندبێت و لەبەر دروست نەبوونی بۆشایی یاسایی، پەرلەمان بۆ ماوەیەكی دیاریكراو، بەردەوام بێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان هیچكام لەو پاساوانە لەگۆڕێدانین بۆیە ئێمە لەگەڵ درێژكرنەوەی ماوەی پەرلەمان نین”.
  • ئێوە لەبارەی درێژكردنەوەی پەرلەمان هیچ هەڵوێستێكتان دەبێت، ئەگەر دوای ئەم ساڵەی كە درێژ كراوەتەوە هەڵبژاردن نەكرا؟
  • بەڵێ بە بەردەوامی لەسەر هەموو كەموكوڕی و كەمتەرخەمییەك لە پرۆسەی سیاسی و دیموكراسی هەڵوێستی جدیمان دەبێت، بەڵام پێش رووداو ناكەوین و لەكاتی خۆیدا هەڵوێستەكە ڕادەگەیەنین”.
  • ترس و بیانوگرتن لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لای بەشێک لە حزبەکان هەست پێدەکرێت، هۆکاری چییە؟
  • هەندێك حیزب بەهۆی ئەو ئامارانەی لەبەردەستیاندایە تێ دەگەن كە لەو هەڵبژاردنانەدا بەرەو پاشەوە دەگەڕێنەوە، بۆیە هەوڵی دانانی لەمپەر و رێگرن لە ئەنجام دانی هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا”.
  • ئێوە پێتان وایە گرێ كوێرەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بە پێكهێنانی حكوومەت چارەسەر بێت ؟
  • گرفتی هەرێم و بەغدا تەنها گرفتی پێكهێنانی حكوومەت نیە، بەڵكو گرفتی نكۆڵیە لەمافە ڕەواكانی گەلێك كە پێكهاتەیەكی سەرەكی ئەم وڵاتەیە و لەداكۆكی بۆ مافەكانی رووبارێك خوێن و هەزارەها شەهیدی داوە، سەرەڕای جێگیركردنی بەشێك لە مافەكانی لە دەستوری عێراقدا، بەڵام بە ئەنقەست ئەم دەستورە پێشێل دەكرێت، و هەر جارەی بەبیانویەك رێگری لە بەجێهێنانی بەندەكانی دەكرێت”.
  • هۆکاری چیە هەرێم تا ئێستا دەستووری نییە ؟
  • ململانێ و رێكنەكەوتن لەسەر شێوازی نووسینەوەی دەستورە، كە ببێتە دەستورێكی دیموكراسی و مەدەنی عەلمانی، جێگای پاراستنی مافەكانی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانی تێدا بێتەوە یەكێكە لە كێشەكان، دواخستنی نووسینەوە و بڕیاردانی دەستوری هەرێم، بۆ دوای روخاندنی رژێمی دیكتاتۆری و پاش بڕیاردانی دەستوری هەمیشەیی عێراق یەكێكی ترە لە گرفتەكانی نوسینەوەی دەستور”.
  • ئەو تەسفیە حساباتەی دەكرێت، لەناوهەندێك حیزب لە كوردستان تاچەند بۆ سومعەی كورد خراپە؟
  • هێزە سیاسییەكان وەك بەشێك لە پێكهاتەی ئەم گەلە، پشكی گەورەیان بەركەوتووە، لە بەرنامەی هەموو ئەو هێزانەشدا چەمكەكانی ئازادی بیروڕا و مافی مرۆڤ و مافی هاووڵاتی بوون و پێكەوە ژیان و دیموكراسی و دادپەروەری جێگیر كراوە لە كاتێكدا هەر هێزێك بەپێچەوانەی ئەو چەمكە جوانانە لەگەڵ خەڵك بەگشتی و لەگەڵ ئەندامەكانی خۆیدا بجوڵێتەوە جگە لە دورینەوەی رق و بێزاری و دوركەوتنەوەی جەماوەرەكەی شتێكی تر ناچنێتەوە، ئەگەر بمانەوێت، پێگە و رێزی گەلەكەمان ببەینە ئاستی گەلانی دونیا، دەبێت رۆژگاری ئەو هەڵسوكەوتانە بپێچینەوە و بەرەو واڵاكردنی ئازادییە سیاسییەكان و تێڕوانینە هەمەڕەنگەكان هەنگاو هەڵبێنێن”.
  • ئەو تەسفیە حساباتەی دەكرێت نابێتە هۆی ترس و نیگەرانی لای هاووڵاتییانی هەرێم بەتایبەتی شاری سلێمانی؟
  • دیاردەی كوشتن و تیرۆركردن، بەتایبەت لەم ماوەیەی دواییدا، جۆرێك لە ترس و دڵەراوكێی لای خەڵك دروست كردووە، رۆژانی رەشی شەڕی ناوخۆ بەبیری خەڵك دەهێننەوە. ئەم هەڵسوكەوتانە لەسەردەستی هەركەسێك و حزب و لایەنێكەوە بێت ئیدانەكراوە، مادەم هەمووان ئیدعای هەبوونی دامەزراوەی یاسایی دەكەن”.
  • ئێران و توركیا، هەریەكیان بیانوێكیان بۆ هێرش و پەلامارەکانیان بۆسەر کوردستان هەیە، ئێوە لەبارەیەوە چی دەڵێن و چی بكرێت؟
    -بەداخەوە بیانووەكانی ئەم دوو وڵاتە، لەگەڵ بنەماكانی دراوسێتی باش یەك ناگرێتەوە، كە رێزگرتن لەسەروەری خاك و تایبەتمەندییەكانی كوردستانە لە دیاریكردنی چارەنوسی خۆی بەدەستی خۆی، و ئەم دەستكەوتانەی هەرێم بەچاوی ئەوان زیادە و گەلی ئێمە بەشایستەی ئەو دەستكەوتانە نازانن. هاوكات حكوومەت و هێزە سیاسییەكانی هەرێم، پێویستە پەیڕەوی سیاسەتێكی هاوسەنگ بكەن لەگەڵ ئەو وڵاتانە”.
  • لەدوای پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق بەبڕوای ئێوە فشارەكان چۆن دەبن، لەسەر هەرێمی كوردستان ؟
  • لەدوای پێكهێنانی ئەم حكوومەتە نوێیەش، بارودۆخی عێراق هەر بەناجێگیری دەمێنێتەوە، دەكەوێتە سەر ئەوەی نوێنەرانی كورد چەند بەیەكگرتووی و دڵسۆزی و شارەزاییەوە، لەگەڵ بەرامبەرەكانمان دانوستاندن دەكەن”.