سەرۆکی شاندی پارتی بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکان رایگەیاند، چەند کەسێک کە لەلایەن دادگەوە تۆمەتبار کراون، دەبێت بچنە دادگە و گوتەیان لێوەربگیرێت، “هیچ حیزب و لایەنێکمان تۆمەتبار نەکردووە بە ئەنجامدانی کردەوە تیرۆریستییەکەی هەولێر.”
شاندی پارتی بۆ دانوستاندن لەگەڵ لایەنەکان بە سەرۆکایەتیی پشتیوان سادق ئەمڕۆ دووشەممە 31-10-2022 سەردانی کۆمەڵی دادگەریی کوردستانی کرد. دوای کۆبوونەوەیان، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا پشتیوان سادق ئاماژەی بەوە کرد، لەگەڵ لایەنەکان باسیان لە “کردەوە تیرۆریستییەکەی هەولێر” کردووە، بەڵام “هیچ حیزب و لایەنێکمان تۆمەتبار نەکردووە بە ئەنجامدانی.”
سەرۆکی شاندی پارتی ئەوەشی خستەڕوو، نابێت لە کێشە و ململانێکاندا پەنا بۆ تووندوتیژی ببرێت.
بە گوتەی پشتیوان سادق، “هیچ کێشەیەک” لەنێوان تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا لە حکومەت نییە و “لەوپەڕی هاوئاهەنگیدان.” گوتیشی، “گوێشمان لێ نەبووە یەکێتی باسی کشانەوە بکات لە حکومەت.”
لە کۆنگرەکەدا عەبدولستار مەجید لە کۆمەڵی دادگەری گوتی، “پارتی و یەکێتی گلەییان لە یەکدی هەیە و روونکردنەوەیان بە ئێمە داوە.” ئاماژەی بەوەش کرد، “سیمای دوو ئیدارەیی زەقتر بووەتەوە.”
عەبدولستار مەجید داوای کرد، لیژنەیەکی پەرلەمانی بۆ کێشەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێکبهێندرێت.