قایمقامی هەولێر: رۆژانە پێویستیمان بە ٤٠٠ تۆن گازی شلە


قایمقامی ناوەندی هەولێر دەڵێت، رۆژانە هەولێر پێویستی بە زیاتر لە 400 تۆن گازی شل هەیە، بەڵام ئێستا نزیکەی 280 تۆن گازیان بەدەست دەگات. دەشڵێت، رۆژانەی نزیکەی 700 هەزار لیتر بەنزین بە نرخی 800 دیناری و 690 دیناری دابەشدەکرێت.

نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر ڕاگەیاند، رۆژانە هەولێر 13 تانکەر گازی شل دەگاتە هەولێر کە دەکاتە نزیکەی 280 تۆن گاز، بەڵام ئەو بڕە بۆ هەولێر کەمە بەڵکو پێویستیی هەولێر بە گازی شل رۆژانە نزیکەی 400 تۆن گازە.

قایمقامی هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد، بڕی خواست لەسەر گازی شل زیاترە لەوبڕەی دەخرێتە بازاڕ و بۆیە لە رێگەی 150 بریکاری دابەشکردنی گازەوە، گازی شل دەگەیێندرێتە گەڕەکەکان و بەسەر هاونیشتمانییاندا دابەشدەکرێت.

بەشێک لە گەڕەکەکان گلەیی ئەوەیان هەیە بەشێک لەو بریکارانەی بۆ گەڕەکەکان دانراون، درەنگ سەردانی گەڕەکەکانیان دەکەن و بەشی پێویستیان بەدەست ناگات.

قایمقامی هەولێر گوتیشی، لەگەڵ موختاری گەڕەکەکان لە هەوڵداین بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئەو گەڕەکانەی درەنگ گازیان پێدەگات.

لەبارەی دابەشکردنی گازی شلی حکومی بەسەر نانەواخانەکانی هەولێردا کە بەشێک لە نانەواخانەکان باس لەوە دەکەن گازی حکومییان پێنادریت و رۆژانە بە نرخی بازرگانی گاز دەکڕن.

قایمقامی هەولێر باسی لەوە کرد، بەهۆی کەمی پشکی هەولێر لە بەشە گازی شل نەیانتوانیوە گازیان بۆ دابین بکەن، بەڵام هەوڵدەدەن لە رێگەی میکانزمێکی گونجاوەوە بەشی ئەوانیش دابین بکەن.

رۆژانە بەنزینی 690 دیناری بۆ شۆفێرانی تەکسی و بەنزینی 800 دیناری لە بەنزینخانەکان دابەش دەکرێن. قایمقامی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، رۆژانە زیاتر لە 700 هەزار لیتر بەنزین بە نرخی 800 دینار بۆ هاونیشتمانییان و 690 دینار بۆ تەکسی و پاسەکان دابین دەکرێت.