پاڵاوگەیەکی نەوت لە سنووری قوشتەپە گڕدەگرێت

ئاگر لە کۆگەی پاڵاوگەیەکی بچووکی نەوت لە سنووری ناحیەی قوشتەپە کەوتەوە و بەهۆی هەڵکردنی با، تیمەکانی بەرگریی شارستانی نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەن.

رۆژی دووشەممە 31-10-2022 لە گوندی دۆڵەبەکرەی سنووری ناحیەی قوشتەپە پاڵاوگەیەکی نەوت گڕیگرت و ئێستا تیمەکانی بەرگریی شارستانی قوشتەپە و نێوشاری هەولێر سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەن.

بە پێی زانیاریی شاهێتحاڵەکان دەوترێت: “زیاتر لە 50٪ی ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە.کۆگەکانی ئەو پاڵاوگەیە ئاگریان گرتووە و هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش رانەگەیێندراوە”.

تیمەکانی بەرگریی شارستانی لە شوێنی رووداوەکە بە بە سەرچاوەیەکیان راگەیاند: “تائێستا دیار نییە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چییە و لێکۆڵینەوەیان بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکە دەستپێکردووە و پاڵاوگەی نەوتەکە بچووکە و گاز و نەوت بەرهەم دەهێنێت. بەشێکی زۆری ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە و تەنیا لە نێوەڕاستی کۆگەکانی هەڵگرتنی سووتەمەنی پاڵاوگەکە نەبێت کە تائێستا بەهۆی ئەوەی بایەکی بەهێز هەڵیکردووە، کۆنتڕۆڵکردنی بۆ تیمەکانی بەرگریی شارستانی قورس کردووە”.

ھەواڵی زیاتر