ئەمڕۆ یەکشمەممە (30ی تشرینی یەکەمی 2022) بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، لە راگەیەندراوێکیدا ئاماژەی بەوە دا، “لەدرێژەی كاروچالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان و بازرگانانی ئەو ماددانە، هێزەكانی ئاسایش لە یەكێك لەبازگەكان دەستیان بەسەر بڕی (136) كیلۆگرام ماددەی (ئەسید) و (140) گرام ماددەی (حەشیش) دا گرت”.
ئاسایشی سلێمانی باسی لەوەشکردوە، رۆژی 22ی تشرینی یەکەمی 2022 چالاکییەکەیان ئەنجامداوە، لەژێر سەرپەرشتی دەزگای ئاسایشی هەرێم و لەچوارچێوەی هەڵمەتی دەستگیركردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەكان و رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی هەر جۆرە ماددەیەكی هۆشبەر، كە زیان و کاریگەری خراپی بۆ کۆمەڵگە دەبێت.
لەسەر بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان دوو تۆمەتبار، بە فەرمانی دادوەر بە ناوەکانی (س . ق . م) لەدایكبووی 1987 و (ر . ه . م ) لەدایكبووی 1995 دەستگیرکراون، بەگوێرەی ماددەی 25 لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
ماددە هۆشبەرەکان، دەبێته هۆی دابڕانی مرۆڤ لە ژینگەی سرووشتی خۆی، لە ئەنجامی زۆر بەکارهێنانیدا مرۆڤ ئالوودە و ژەهراوی دەبێت، ئەو ماددانە لە رێگەی دەم، دەرزی، بۆنکردن و هەڵمژینی دووکەڵەکەیەوە، دەچێتە جەستەی مرۆڤەوە و کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەست و دەمار دروستدەکات