دلۆڤان رەحیم – ههولێر
لەدوای دەنگدان بە 21 وەزیری کابینەی نوێی حكوومەتی عێراقەوە، کورد چاوەڕێیە ئەو مەلەفانەی لەگەڵ سوودانی گفتوگۆی لەسەر کردووە لەماوەی 6 مانگ یان ساڵێک بگەنە ئەنجام و کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر بن .
پەرلەمانتارانتی عێراق پێش چەند ڕۆژێک دەنگیان بە 21 وەزیری کابینەی نوێی حكوومەتدا، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق بەڵێنی داوە شەڕی گەندەڵی و بێکاری بکات و حكوومەتەکەی خزمەتگوزار بێت .
سوودانی لە ڕاگەیەنراوێکدا دوای متمانەدان بە وەزیرەکانی ڕایگەیاند: “تیمە وەزارەییەکەم شان دەدەنە بەر بەرپرسیاریەتیی لەو قۆناغە هەستیارە، کە جیهان ڕووبەڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگی سیاسی و ئابووری و شەڕ بووەتەوە .”
گەندەڵی ماوەی چەندین ساڵە دەستی خستووەتە بینەقاقای حكوومەتی عێراق، بێکاری لە بەرزترین ئاستدایە، هەژاری ڕووی لە بەرزییە لەماوەی ساڵێک و دوو هەفتەی مشتومڕی حكوومەتی نوێش دۆخی خەڵک لە ڕووی خزمەتگوزارییەوە خراپتر بووە .”نووسینگەی سوودانی لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێ: “گەندەڵی زۆر خراپتر لە کۆرۆنای بەسەر وڵاتدا هێناوە
دۆسیەکانی کورد لە حکوومەتی نوێ و جێبەجێکردنیان
پێش کەمتر لە مانگێک، پارتی دیموکراتی کوردستان وەک گەورەترین هێزی کوردستانی لە پەرلەمانی عێراقدا، لەسەر چەند پرسێک گفتوگۆی لەگەڵ سوودانی کرد، لەوانە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان، دۆخی ناوچە کوردستانییەکان، رێککەوتنی شنگال و چەند پرسێکی دیکە .
لەسەر یاسای نەوت و گاز، کورد سوورە لەسەر ئەوەی لە ماوەی نزیکی داهاتوودا ئەو پرسە چارەسەر بێت و یاسایەکی نوێ دەر بکرێت. ئەو یاسایە نوێیە دەبێتە بنەمای مامەڵەی نوێی نێوان هەولێر و بەغدا لە پرسی نەوت و گازدا، کە چەند ساڵێکە عێراق لە چەندین ڕووەوە گوشار دەخاتە سەر هەرێمی کوردستان، لەکاتێکدا 15 ساڵە هەرێمی کوردستان خاوەنی یاسای نەوت و گازی خۆیەتی و کۆمپانیاکان لە چوارچێوەی ئەو یاسایە کارەکانیان دەکەن، نوێترینیشیان بڕیاری بەهاری ئەمساڵی دادگای فیدراڵی بوو، کە ئەو یاسایەی بە نادەستووری دانا، بەڵام هەرزوو لەلایەن کوردەوە ڕەت کرایەوە. یاساکەش جێبەجێ نەکرا. ئێستا لە ڕۆژانی یەکەمی حكوومەتی نوێدا هەم بەپێی گوتەی نووسینگەی سوودانی هەم بە گوێرەی لێدوانی پەرلەمانتارانی کورد، ئەرکی سەرەکیی سوودانی دەرکردنی ئەو یاسایە کە چەندین ساڵە عێراق چاوەڕێیەتی و مشتومڕ ڕێگە نادات یاساکە دەربکرێت. لەو بوارەدا ڕێك كەوتوون لەسەر ئەوەی كە ئەرکی سەرەکیی حكوومەت و پەرلەمان هاوئاهەنگی بێت لەسەر دەرکردنی ئەو یاسایە کە چاوەڕێ دەکرێت زۆر مشتومڕی نێوان هەولێر و بەغدا یەکلایی بکاتەوە .
لە 2007 وە سێ جار پرۆژەیاسای نەوت و گاز ڕەوانەی پەرلەمان کراوە، بەڵام ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکان ڕێگر بووە لە تێپەڕاندنی. وەزارەتی نەوتی عێراق جارێکی دیکە پرۆژەیاساکەی ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆ ئەوەی لەوێوە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێ، ئێستا دوای چوار خول لە هاتووچۆی پەرلەمانتاران و هەڵبژاردن دۆسیە گەورە پڕ مشتومڕەکەی پەرلەمانی عیراق دەرکردنی یاسای نەوت و گاز.
پرسی ناوچە کوردستانییەکان و بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان
پرسێکی دیکەی سەرەکی نێوان هەولێر و بەغدا بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستانە لە چوارچێوەی بوودجەی عێراقدا، ئێستا عێراق ساڵێكە بێ بوودجەیە و چاوەڕێ دەکرێت بەو نزیکانە پەرلەمان ئەو مشتومڕەی بوودجە دەست پێ بکات، لە نێویشیدا شایستەی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتیدا، کە چەند ساڵێکە ئەو شایستەیە بە پچڕپچڕی دێت و مافی هەرێمی کوردستان لە بوودجەی گشتیدا نادرێت. بەپێی یاسا و ژمارەی دانیشتووان پێویستە لە نێوان ٪17 بۆ ٪14ـی بوودجەی گشتی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بێت، بەڵام عێراق لە ساڵانی ڕابردوو ٪12.67ـی ئەو بوودجەیەی ناردووە ئەویش بە ڕێک و پێکی نا، جگە لەوەی لە مافی سەروەریدا بە تەواوی مافی هەرێمی کوردستانی نەداوە. هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ئەوەیە کە عێراق بتوانێ لە بوودجەی گشتیدا ئەو مافە بۆ هەرێمی کوردستان بگەڕێنێتەوە و چی دیکە حكوومەت درێژەپێدەری سیاسەتی پێشوو نەبێت و لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەڵبدرێتەوە .”
حەیدەر ئەلشاکری، لێکۆڵەر دەڵێ: “جێبەجێکردنی کۆمەڵێک داواکاری لە تیمە وەزارییەکەی سوودانی، یەکێک دەبێت لە ئاستەنگەکانی بەردەم حكوومەتەکەی .
جگە لەو دوو پرسە کە پەیوەستە بە مافی خەڵکی هەرێمی کوردستانەوە، پرسی دۆخی ناوچە کوردستانییەکان بەتایبەت کەرکووک و شنگال و ناوچەی دیکە ئەرکێکی دیکەی حكوومەتی نوێیە کە لایەنەکانی کوردستان چاوەڕێی ئەوەی لێ دەکەن جێبەجێی بکات .
لە دوو پەیوەندی تەلەفۆنیشدا، هەم سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەم سەرۆکوەزیران پشتیوانیی خۆیان بۆ کابینەکەی سوودانی ڕاگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، هەموو پشتگیرییەکی” خۆی و هەرێمی کوردستانی بۆ سەرکەوتنی کابینە نوێیەکەی ڕاگەیاند، هەروەها مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە هەمان شێوە پشتیوانیی هەرێمی کوردستانی بۆ حکوومەتی نوێ ڕاگەیاند و هیوای خواست ببێتە سەرەتایەکی نوێ لە پەیوەندی هەولێر و بەغدا .
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: “چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی حکوومەتی نوێی عێراق و لە ئەجێندای سوودانییە .”