مەسرور بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی کەنەدا لە عێراقدا دەکات

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە گریگۆری گالیگان، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کرد و، لە دیدارەکەدا بيروڕا دەربارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کەنەدا ئاڵوگۆڕ کرا.

ماڵپەڕی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە 30ی (تشرینی یەکەم)، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ گریگۆری گالیگان باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کۆبووەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکومەت و باڵیۆزی کەنەدا لە دیدارەکەیاندا، بيروڕایان دەربارەی دۆخی گشتیی عێراق دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێ و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و کەنەدا ئاڵوگۆڕکرد.

مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا باسی لەوەکرد، کە لە دوای پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، دەرفەتێک هاتووەتە ئاراوە بۆ ئەوەی حکومەت بە هاوکاری هەموو لایەنەکان، خزمەتی گشت پێکهاتەکان بکات بەبێ جیاوازی، هەروەها کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیش، بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لە سەر بنەمای دەستوور و پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی هاوبەشیی راستەقینە و هاوسەنگی و سازان، چارەسەربکات.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، گریگۆری گالیگان لەلای خۆیەوە ستایشی چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دەکات، بەتایبەتی لە بواری بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و هەنگاونان بەرەو حکومڕانیی ئەلیکترۆنی.

باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق ئامادەیی وڵاتەکەشی دەربڕی بۆ پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەکی پێویست لەم بوارەدا.

هەر سەبارەت بە کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و باڵیۆزی کەنەدا، سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەدا، گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتیی و بنبڕکرنی ھەموو کارێکی تیرۆریستی و ھەروەھا کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا لە سەر ژیانی خەڵک ، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکانی دیدارەکە بوو.

ھەواڵی زیاتر