ئهندامێکی جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژه بهوه دهکات، سلێمانی پارهی خۆی ههبێت، لێی دەدزرێت و خزمەتی شارهکهی پێ ناكرێت، تەنانەت ”پارەی لە هەولێریشەوە بۆ دێت، هەر دەدزرێت.“
چەند رۆژێكە جارێكی دیكە میدیاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ شاردنەوەی ئەو گەندەڵییە زۆرەی لە داهاتی سلێمانییدا دەیكەن، بانگەشەی ئەوە دەكەن كە گوایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هۆكاری ئەم دۆخەیە كە لە سلێمانیدا هەیە! هەرچەندە پێشتر بە چەندان شێوە راگەیاندراوە كە ئەوەی رێگە نادات سلێمانی خزمەت بكرێت و داهاتەكان لە پرۆژەی شارەكەدا خەرج بكرێت، حزبی باڵادەستی ئەو شارە و چەند بەرپرسێكی دیاریكراوی نێو حزبەكەن.
لەمبارەیەوە دڵشاد رهشید مهلا، ئەندامی جڤاتی گشتیی گۆڕان رایگەیاند: ”سهیره له ههولێرهوه دوو جار پاره بۆ ههندێک پرۆژه هاتووه، كەچی له سلێمانی ههردوو جار پارهكە دیار نهماوه، لهوه سهیرتر داهاتی سلێمانی خۆیشی هەیە، كەچی دهدزرێت و نادرێتەوە به شارهکه، لەولاوە زهوی تاڵان دهکرێت، لە كاتێكدا ئهگهر شارهوانی تەنیا ئهو زهوییانهی بکردبایه به پرۆژه كە تاڵان كراون، دەبوو بە داهاتێكی باش و بۆ شارهکه دەگەڕایەوە و خزمهتی پێدهکرا.“
ئەوەشی باس كرد كە: ”خەڵكی سلێمانی گوناحن، باجی ئەوە دەدەن كە ئەو داهاتەی بۆ شارەكەیان دێت، دەدزرێت و داهاتەكانی ناوخۆیشی دەدزرێت، بۆیە چاوەڕێی كەرەمی پەروەردگارن بەڵكوو لە دەست دز و چەتە ڕزگاریان بكات.“
گوتیشی: ”ئەم شارە شایانی ئەوە نییە ئاوا سزا بدرێت، گرووپ و تاقمی جۆراوجۆری یەكێتیی بەرپرسیاری یەكەمی شكستی ئیدارەی سلێمانین، یەكێتی خۆی ئەم دۆخەی لە سلێمانی دروست كردووە، بە چ مافێك دەیەوێ پارەی سلێمانی ببات و پارەی لە هەولێریشەوە بۆ بێت.“
سەركردەكەی گۆڕان داوا لە هەموان دەكات، سەیری پرۆژەكانی هەولێر بكەن و دەڵێت: ”تازە بە جنێوی (فەیسبووك) و پەیجی سێبەر، هەولێر ناشرین ناكرێت، چونكە پارتی لە یەك دەستدایە و یەك گرووپ بە تیم كار دەكەن و سنوورەكە ئاوەدان كراوەتەوە، بۆچی؟ چونكە پارەكەی هەولێر نادزرێت، بهس لێره له سلێمانی، ههزاران گرووپ و تاقم پاره دهدزن، دهی دهرئهنجامی ههر ئهوه دهبێت. ئەوەی ئابڵووقەی سلێمانی داوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكوو یەكێتییە كە دەستی بەسەر داهات و هەموو شتێكی شارەكەدا گرتووە.“
لە كۆتاییشدا بە نیگەرانییەوە جەختی كردەوە: ”زۆر كۆمپانیای سلێمانی هەن، رایانكردووە بۆ هەولێر و تەنانەت بەغداش، چونكە لێرە هەموو ڕۆژێك بەرۆكیان دەگرتن.“