حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕژدە لە گەیاندنی بۆڕیی غاز بۆ ماڵان و ڕاوێژکارێکی سەرۆکی حکوومەتیش جەخت دەکاتەوە، جگە لە ھاوردەکردنی بۆ بازاڕ، بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا و گەیاندنی بە ماڵانیش سوود لە غاز وەردەگیرێت.
د. بێوار خنسی، ڕاوێژکاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم بۆ کاروباری وزە ڕاگەیاند: “سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە زیاتر گرینگی بە کەرتی غاز بدات و بەھۆی ھەبوونی ڕێژەیەکی زۆری غاز لە کێلگەکانی ھەرێمی کوردستاندا، ھەرێم لە توانایدایە ڕۆژانە بەرھەمێکی باشی غازی ھەبێت و جگە لە پێداویستیی ناوخۆ، ھەناردەی بازاڕەکانی جیھانی بکات و تەنانەت بۆ عێراقیش غاز دابین بکات، ئەوەیش ھەنگاوێکی باشە بۆ سوودوەرگرتن لە غاز.”
لەبارەی دابینکردنی غازی ماڵانیش ڕاوێژکارەکەی سەرۆکی حکوومەت دەڵێت: “لە چوارچێوەی پەرەپێدانی کێڵگەکانی غازدا بڕیار وایە بەشێک لەو غازەی بەرھەم دێت لە ھەرێمی کوردستان، ھاوشێوەی وڵاتانی جیھان لە ڕێگەی بۆڕییەوە بگەیەندرێتە ماڵان و وەک چۆن ئاو بۆ ماڵان دابین کراوە، غازیش بە ھەمان سیستەم بگەیەندرێتە ھاووڵاتییان.”
د. بێوار خنسی ڕوونی کردەوە: “ھەرێمی کوردستان ئایندەیەکی گەشی ھەیە لە داھاتوودا بۆ پەرەپێدان و بەرھەمھێنانی غاز، بەپێی پلانی حکوومەت جگە لە فرۆشتنی بۆ بەرھەمھێنانی کارەباش سوود لە غاز وەردەگیرێت، دانوستانیش لەگەل چەندین کۆمپانیای جیھانی کراوە بۆ کارکردن لە کەرتی غازی ھەرێمی کوردستان.”