چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

نێچيرڤان بارزانى و سوودانى دۆخى عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 28ـی 10ـی 2022 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له په‌يوه‌ندييه‌كى ته‌له‌فۆنيدا له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شياع سوودانى، سه‌رۆک وه‌زيرانى عێراقى فيدراڵ، دووباره‌ پيرۆزباييى ده‌ستبه‌كاربوونى لێ كرد و هيواى سه‌ركه‌وتنى له‌ كار و ئه‌ركه‌كانيدا بۆ خواست، هه‌روه‌ها هه‌موو پشتگيرييه‌كى‌ خۆيان و هه‌رێمى كوردستانى بۆ سه‌ركه‌وتنیان و كابينه‌كه‌ى دووپات كرده‌وه‌ و ئاماده‌ييى هه‌رێمى كوردستانى بۆ هه‌موو هه‌ماهه‌نگى و هاريكارييه‌كى هاوبه‌ش له‌گه‌ڵ حكوومه‌ته‌كه‌يدا نيشان دا.‌

لاى خۆيه‌وه‌ سوودانى، سوپاس و پێزانينى بۆ په‌يوه‌ندى و هه‌ڵوێستى نێچيرڤان بارزانى دووپات كرده‌وه‌ و هيواى خواست حكوومه‌ته‌كه‌ى بتوانێت له‌م قۆناغه‌دا به‌ هه‌ماهه‌نگى و هاريكارى له‌گه‌ڵ هه‌رێمى كوردستان، دۆخى وڵات له‌ هه‌موو ڕوويه‌كه‌وه‌ به‌ره‌و باشتر ببات و هێز و لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان پێكه‌وه‌ له‌پێناو ئارامى و سه‌قامگيريى وڵاتدا كار بكه‌ن و هه‌مووان هاريكار و يارمه‌تيده‌ر بن.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگى و پێويستيى هاريكاريى هاوبه‌ش و پێكه‌وه‌كاركردنى حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و له‌ چوارچێوى سيستمى فيدراڵيدا، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون كه‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵات به‌تايبه‌تيش كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و كێشه‌كانى ديكه‌ى عێراق، ڕۆڵێكى بنه‌ڕه‌تى له‌ ئارامى و سه‌قامگيريى وڵاتدا ده‌گێڕن، بۆيه‌ پێويسته‌ هه‌مووان به‌ گيانێكى به‌رپرسانه‌ى نيشتمانيانه‌ و به‌ ڕه‌چاوكردنى به‌رژه‌وه‌ندييه‌ باڵاكانى وڵات، بۆ قۆناغى ئێستا و داهاتوو پێكه‌وه‌ كار بكه‌ن