پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

لە جنێف گفتوگۆ لەبارەی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوانی دەست داعش دەکرێت

لە جنێف رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، تیشک دەخاتە سەر هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش.

بە هاوکاری وەزارەتی دەرەوەی سویسرا و بە بەشداری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، ئەمڕۆ پێنجشەممە (٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢) پەیمانگای قورتبە بۆ ئاشتی-جنێڤ، کۆبوونەوەیەکی راوێژکاریی بۆ تاوتوێکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان لە جنێڤ رێکخست.

ئەم کۆبوونەوەیە بەشێکە لە پرۆسەی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان و پلانی نیشتمانیی حکومەتی فیدرالی بۆ مافەکانی مرۆڤ.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکە دیندار زێباری رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی کوردستان كە هاوکات سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی پلانی هەرێمە بۆ مافەكانی مرۆڤ وتەیەکی پێشکەشکرد و تێیدا تیشکی خستە سەر ئەو پێشكەوتنانەی كە بەدیهاتوون لە پرۆسەی جێبەجێکردن و بەدواداچوونی پلانی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، چونکە بێسەروشوێنکردن بەشێکە لە پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ و لە کۆی (٣٨٩) راسپاردە بۆ هەرێم، (٩) راسپاردە تایبەتە تاوانی بێسەروشوێنکردن و تاوانە نێودەوڵەتییەکان و لەمرووەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین هەنگاوی ناوە.

پەرلەمانی کوردستان (یاسای بێسەروشوێنکراوان لە هەڵمەتەکانی جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان)ی دەرکردووە. لە ساڵی ٢٠٢١ پێشنیازکرا بۆ هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە بۆ ئەوەی قوربانیانی تاوانەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بگرێتەوە، ئەمە جگە لە یاسای ماف و ئیمتیازاتی بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفال بۆ هەرێمی کوردستان – عێراق.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، ئاماژەی بە قوربانیانی دەستی داعش کرد و گوتی: دوای هێرشەکانی تیرۆریستانی داعش، ئەنجوومەنی وەزیران لیژنەیەکی وەزاری پێکهێنا بۆ بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی داعش و لیژنەیەکیش بۆ رزگارکردنی رفێندراوەکان کە ژمارەیان گەیشتووەتە (٦٤١٧) کەس، لەنێویاندا (٣٥٤٨) مێ و (٢٨٦٩) نێر. بە هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێم توانراوە تا ئێستا (٣٥٥٤) کەس رزگار بکرێن. هەروەها حكومەتی هەرێمی کوردستان دەستیكرد بە دۆكیومێنتكردنی تاوانەكانی داعش، (٥١٧٠) فایل ئەرشیف كراون، لەو ژمارەیەش زیاتر لە (٢٣٢٤) دۆسیە بە شێوەیەكی یاسایی تەواو كراون و (٢٠٠٠) کەیس تائێستا لەژێر لێكۆڵینەوەدان، هەروەها (٢٩١٦) دۆسیە وەک ونبوو تۆمارکراوە.

هەروەها پاڵپشتی کۆمەڵایەتی و دەروونی پێشکەش بە زیاتر لە (٢٢٣٤) قوربانی کراوە.

دیندار زێباری، تیشکی خستە سەر هەماهەنگیی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی یونیتاد و گوتی: پێویستە لایەنە نێودەوڵەتییەکان لە نزیکەوە ئاگاداری هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بن لەبارەی هەماهەنگیی لەگەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ سزادانی تیرۆریستان، دوای دەرچوونی بڕیاری ژمارە (٢٣٧٩)ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە ساڵی (٢٠١٧) بۆ پێکهێنانی تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان هەماهەنگی بەردەواممان هەبووە لە چوارچێوەی لیژنەی هەماهەنگی نیشتمانی هاوکاریکردن لەگەڵ یونیتاد (NCC) لەسەر زۆر بابەت، لەوانە بنیاتنانی توانای دادوەر و لێکۆڵەران، بە دیجیتاڵکردنی بەڵگەنامەکان، پاراستنی شایەتحاڵەکان، کردنەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و گەڕاندنەوەی پاشماوەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ دەستگیرکراوەکان، بە ئامانجی سزادانی تاوانباران لە دادگایەکی تایبەتمەند و قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییەکان.

ئەوەشی خستەڕوو: لە چوارچێوەی پرۆسەی ئەرشیفکردنی بەڵگەنامەکان بە هاوکاری لەگەڵ یونیتاد، هەزاران بەڵگەنامە و دۆسیەی یاسایی و ڤیدیۆ و وێنە و تۆماری دەنگی لە فەرمانگە جیاجیاکان کۆکراونەتەوە، لەوانە لە فەرمانگەی رزگارکردنی ئێزدییە رفێنراوەکان (٣٥٤٣) کەیس لە (٥٣٩٣) لاپەرەدا تۆمار و ئەرشیف کران. لە هێزی پێشمەرگەی زێرەڤانی (٣٨٤) مێگابایت (١٢٤ وێنە) و (٢٨.٣) گێگابایت لە (١٠٥ڤیدیۆ) ئەرشیفکراوە. ئێستاش کار لە پڕۆژەکە بەردەوامە.

سەبارەت بە ئەگەری لێپێچینەوە لە تاوانبارانی داعش، دیندار زێباری گوتی: ئەو تاوانانەی داعش دژی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامیداوە، بە تاوانی نێودەوڵەتی هەژمار دەکرێن، چونکە دەچێتە خانەی تاوانی دژی مرۆڤایەتی، تاوانی جەنگ و جینۆساید، بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان رەشنووسی یاسای دامەزراندنی دادگای تایبەتمەندی ئامادەکرد و ئاراستەی پەرلەمانی کوردستانی کرد و خوێندنەوەی یەکەمیشی بۆ کرا.

رێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئەوەشی خستەروو،” چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و یونیتاد ئەنجامدران بۆ هەمان مەبەست، بەڵام لە پێشینەیەکی بێوێنەدا دادگای باڵای ئیتحادی بە پشتبەستن بە راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، پرۆژە یاساکەی رەتکردەوە. لەو کۆبوونەوەیەدا باس لەوە دەکەین کە پێویستە گفتوگۆی زیاتر بە بەشداری نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجام بدرێت و پشتگیریکردن لەم پڕۆژەیە یاسایە و یاسا کارپێکراوەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی یاسای دژە تیرۆر بکرێت و پشتیان پێببەسترێت بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش لەبەردەم دادگا نیشتمانییەکان.