لەسەر دیارنەمانی چەند ستوونێکی کارەبا، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای دەربەندیخان دەستبەسەر دەکرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27/10/2022، سەرکەوت ئەحمەد گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی راگەیاند، چەند رۆژێکە بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای دەربەندیخان بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 316 لە یاسای سزادانی عێراق لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکراوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بەڕێوەبەرە لەسەر دیارنەمانی چەند ستوونێکی کارەبا ( عەموود) سکاڵای یاسایی لەسەر تۆمارکراوە، ئەو ستوونانەش پێشتر لە لایەن رێکخراوێکە دراونەتە کارەبای دەربەندیخان.
هاوکات سلێمان محەممەد قایمقامی قەزای دەربەندیخان راگەیاند، ئەوان ئاگاداری دەستگیرکردنی سمکۆ حوسێن، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای قەزاکەیان و دۆسییەکەی لای پۆلیسە.
بەپێی زانیارییەکان، سمکۆ حوسێن رۆژی 25ی ئەم مانگە دەستبەسەرکراوە و بە بڕیار دادوەر بۆ ماوەی 15 رۆژ راگیراوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.
بەپێی ماددەی 316ی یاسای سزادانی عێراقی، هەر فەرمانبەرێکی حکومی یان هەر کەسێک کە بۆ خزمەتێکی گشتی راسپێردراوە، ئەگەر پێگەی خۆی بقۆزێتەوە و بە شێوەیەکی نایاسایی دەستبەسەر پارە یان کەلوپەلێكدا بگرێت، كە خاوەندارێتی بۆ كەسێكی دیکە یان دەوڵەت، یان دامەزراوەكان دەگەڕێتەوە، ئەوە بە زیندانكردن سزادەدرێت.