له چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیاله، له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی شۆڤێنییان بۆ ته‌عریبكردنی ناوچه كوردستانییه‌كان، باره‌گای ﻻیه‌نه كوردستانییه‌كان و هێزه كوردییه‌كانیشی له شاری خانه‌قینی سنووری پارێزگای دیاله ده‌ركرد، كه‌چی ئێستا چاودێران هۆشداری له خراپبوونی دۆخی ئه‌منیی پارێزگاكه ده‌ده‌ن.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا سالم عه‌نبه‌كی، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق له پشكی پارێزگای دیاله ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 25ی ئۆكتۆبه‌ری 2022 رای گه‌یاندووه، دۆخی ئه‌منیی پارێزگای دیاله به‌هۆی هێرشه‌كانی داعش كه دوایینیان كرایه سه‌ر گوندی (عباره) ناله‌باره.
هاوكات ئاشكرای كردووه كه له هه‌ندێك ناوچه‌دا هێزی سه‌ربازیی پێویست نییه، بۆیه داوای له حكوومه‌تی فیدرالی كرد، یه‌كه‌ی سه‌ربازیی زیاتر ره‌وانه‌ی ناوچه‌كه بكات و پاڵپشتیی زیاتری هێزه ئه‌منییه‌كانی دیاله بكات، به تایبه‌تیش له دابینكردنی كامێرای گه‌رمی و ئۆتۆمبێلی زرێپۆش.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره باسیشی له‌وه كردووه كه جوگرافیای پارێزگای دیاله به‌هۆی به‌رفراوانیی زه‌وییه‌كه‌ی، پێویستی به‌وه هه‌یه كه هێزێكی ئه‌منیی زۆری تێدا بێت، تاوه‌كوو نه‌بێته مۆڵگه‌ی تیرۆریستان.
ئه‌مه له كاتێكدایه كه له دوایین هێرشیاندا، تیرۆریستانی داعش به چڕی گوندی (عباره)یان له پارێزگای دیاله هاوه‌نباران كرد و له ئه‌نجامدا كه‌سێك بریندار بوو.
چاودێران وای ده‌بینن كه قسه‌كانی ئه‌و په‌رله‌مانتاره و كه‌سانی هاوشێوه‌ی، به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه له كاتێكدا فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دیاله بۆ پاراستنی ئاسایشی ده‌ڤه‌ره‌كه، پێویستیی زۆری به هێزه كوردستانییه‌كان هه‌بووه، كه‌چی له روانگه‌ی شۆڤێنییانه ئه‌و هێزانه‌ی وه‌ده‌رناوه.