چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

بڕیارێک لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە

سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی کوردستان گوتی، بەبڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ئەو پێشمەرگانەی لەناو شۆڕش دابوون و بەپلەی باڵا خانەنشین کرابوون و بەر یاسای چاکسازی کەوتوون، مووچەیەکیان پێ دەدرێت کە لەدوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت.

رێڤینگ ھروری، سەرۆکی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی کورد ڕایگەیاند: ” دوای جێبەجێکردنی پڕۆژەی چاکسازی و ھەڵوەشاندنەوەی مووچەی بەشێکیان و کەمکردنەوەی ٤٠%، بڕیارێکی تایبەت دراوە بە پێشمەرگەکانی ناو شۆڕش کە لەسەرەتاوە واتا لە ١١ی ئەیلوول ساڵی ١٩٦١ تا ٥-٣-١٩٩١ پێشمەرگە بوون و بەپلەی باڵا خانەنشین کرابوون و مووچەیەکیان وەردەگرت بە بەر بڕیاری چاکسازی کەوتوون، ئەوانیش رێکاری پێویستیان گرتبووه‌ بەر و خزمەتی خۆیان لەوەزارەتی پێشمەرگە ھێنابوو، بۆیە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا کە مووچە بۆ ئەوانە بگەرێتەوە و حیسابی پلە باڵایان بۆ بکرێت، کە مووچەیان لە دوو ملیۆن دینار کەمتر نەبێت”.

رێڤینگ ھروری گوتیشی: “ئەو بڕیارە ئەو پێشمەرگانە دەگرێتەوە کە لەناو شۆڕش بوون و بەپلەی باڵا خانەنشین کرابوون و دواتریش بەر یاسای چاکسازی کەوتبوون جا مووچەیان بڕابوو یاخود کەمکرابووە بەرێژەی ٤٠%، ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر پێشمەرگەکان ھەبوو، بۆیە حکوومەت بڕیاری گەڕانەوەی مووچەی ئەوانەی داوە”.

ھروری ڕوونیشیکردەوە: “ئەوانە خۆیان لەپۆستی پلە باڵا دەوامیان نەکردووە وەکو وەزیر و بریکار و بەڕێوەبەری گشتی، بەڵام وەکو رێزگرتنێک لێیان بە پلەی باڵا خانەنشین کرابوون کە ژمارەشیان زۆرە، ئەوانەی بە پلەی باڵا خانەنشین کرابوون و کاتی خۆی لە ناو شۆڕش دابوون”.