چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

زاخۆ یەکەمین شوێنە لە هەرێمی کوردستان و عێراق خۆری تێدا دەگیرێت

هەرێمی کوردستان و عێراق لەو شوێنانەن کە رووداوی خۆرگیرانی ئەمڕۆی تێدا دەبینرێت، دهۆک و بە دیاریکراوی شاری زاخۆ یەکەم شوێنی هەرێمی کوردستان و عێراقە کە خۆرگیرانی تێدا روودەدات و کاژ‌ێر 12:56 ی پاشنیوەڕۆ خۆرگیرانەکە لەوێ روودەدات، سەرۆکی بەشی فەلەک و زانستەکانی گەردوونی زانکۆی بەغدا دەڵێت: “ئەو جیاوازییە پەیوەندیی بەهێڵەکانی درێژیی زەوییەوە هەیە و لە هەموو دیاردە گەردوونییەکاندا ئەو جیاوازییە هەیە.”

رۆژی سێشەممە، 25-10-2022، د.عەبدوڵڵا کامل، سەرۆکی بەشی فەلەک و زانستەکانی گەردوون لە زانکۆی بەغدا لەبارەی خۆرگیرانەکەی ئەمڕۆ رایگەیاند: “نابێت راستەخۆ تەماشای رۆژ بکرێت، ئەو زیانەی لە ئەنجامی تەماشاکردنی خۆر لەو کاتانە دروستدەبێت یەکسەر نییە، بەڵام دواتر شوێنەوارەکەی دەردەکەوێت و دەبێتە هۆی لەناوچوونی خانەکانی بینین و بە نەشتەرگەری و دەرمانیش چارەسەر ناکرێت.”

سەبارەت بەو پارێزگایانەشی لە عێراق کە زووتر خۆرگیران تێیاندا روودەدات، گوتی: “هەموو دیاردە گەردوونییەکان پەیوەندییان بە کاتەوە هەیە لەوانە خۆرهەڵاتن، خۆرئاوابوون، دەرکەوتنی مانگ و ئاوابوونی، خۆرگیرانیش بەوشێوەیەیە و هەموو ئەوانە پەیوەندییان بە هێڵی درێژیی زەوییەوە هەیە.”

د.نادیە تەڵعەت کورەچی، سەرۆکی بەشی جوگرافیا لە کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین راگەیاند: “ئەمڕۆ خۆرگیرانی نیمچەیی لە بەشێکی وڵاتانی جیهان ببینرێت لەنێویاندا هەرێمی کوردستان، بەپێی زانیارییەکانی ئێمە دهۆک و بەغدا و هەولێر لە سەرەتای ئەو پارێزگایانە دەبن کە خۆرگیران تێیاندا روودەدات، دهۆک یەکەم پارێزگای عێراق دەبێت کە ئەو رووداوەی تیدا روودەدات، هۆکارەکەشی ئەوەیە لەو پارێزگایانە مانگ زووتر دەکەوێتە پێش خۆرەوە.”