چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

هەبوونی پەکەکە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر گیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەھۆی سیاسەتی هەڵەی پەکەکەوە خەڵکی سەدان گوندی ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان بێبەش کراون لە گوندەکانیان، بەپێی زانیارییەکانی هەولێر بەھۆی شەڕی پەکەکەوە بە سەدان قوتابخانەی ناوچە سنورییەکان دەرگایان داخراوە و قوتابیانیان لە خوێندن بێ بەش بوونە.

لەدوای راپەڕینەوە چەکدارانی پەکەکە بنکە و بارەگای خۆیان لە سەدان گوندی ناوچە سنوورییەکان داناوە، ئەوەش وای کردووە دەستی ئاوەدانی نەگاتە ئەو گوندانە، خەڵکی ناوچە سنوورییەکان بێ بەش بوونە لە زەوی و زار و بەرهەمی گوندەکانیان، بەھۆی هەبوونی بنکەکانی پەکەکەوە تورکیا بەردەوام ئەو ناوچانە بۆردومان دەکات و چەندین جار بەو ھۆیەوە هاووڵاتییانی سڤیل بوونەتە قوربانی، نزیکەی ٥٥٠ گوند بەھۆی کێشەی شەڕی نێوان تورکیا و چەکدارانی پەکەکەوە وێران بوونە و زیانی گەورە بەر ژێرخانی ئابووریی ناوچەکە کەوتووە کە هەژمار ناکرێت.
گولستان باقی سلێمان، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان، بۆ هەولێر دەڵێت:” لە زاخۆ تا سلێمانی، لەبەر پەکەکە چەندین قوتابخانە داخراون، قوتابییەکانی ئەو قوتابخانانە بۆ خوێندن روویان لە شوێنەکانی دیکە کردووە، ئەوەش لەبەر ئەوەیە هەر کاتێک گوندێک چۆڵ بێت دەرگای قوتابخانەی ئەو گوندەش دادەخرێت، ئەوەش کاریگەری لەسەر پرۆسەی پەروەردە و خوێندن هەیە، ئەوەش وا دەکات کە قەرەبالخی لەسەر قوتابخانەکانی دیکە دروست ببێت، لە هەمان کاتدا دەبێت پارەی گواستنەوە بدەن، ئەوەش بارگرانی دەبێت بۆ ماڵی ئەو قوتابییانە، جگە لەوەی بە دەیان مامۆستا بێ کار دەمێننەوە، بەتایبەتی مامۆستایانی وانەبێژ ئەگەر دەرگای هەر قوتابخانەیەک دابخرێت، چەند مامۆستای وانەبێژ لەو قوتابخانانە وانە بڵێنەوە هەموویان دەڕۆنەوە ماڵەوە ئەوەش وا دەکات بێکار بمێننەوە، بۆیە لەرووی پەروەردە و فێرکردن پەکەکە زیانێکی زۆری بە گوند و ئاواییەکان گەیاندووە، چونکە رۆژ نییە ئاگادار نەکرێینەوە کە تورکیا لەبەر پەکەکە ناوچەیەکی کوردستان بۆردومان نەکات و قوتابییان لە ترسی گیانی خۆیان قوتابخانەکان چۆڵ نەکەن، جگە لەوەی وانەکان وەکو پێویست بە قوتابییان ناگەن، دەنگی تۆپ و فڕۆکە بۆتە مۆسیقا بۆ قوتابییان، ئەوەش وای کردووە کە دەرگای قوتابخانەکان دابخرێت و دایک و باوکی قوتابییان ماڵەکانیان دەگوازنەوە بۆ شارەکان.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی کوردستان، گوتیشی:” جگە لە زیان گەیاندن بە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردن پەکەکە زیانی بە سەدان رەز و باخی ھاووڵاتییان گەیاندووە، دارستانێکی زۆر لەناوچووە و ساڵانە بە سەدان رەز و باخی هاووڵاتییان دەستووتێن و زیانێکی زۆریان بەر دەکەوێت، بۆیە هەبوونی پەکەکە مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر گیانی ھاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و لە چەکدارانی ئەو حزبە تەواو بێزار بوونە، هەر ئەوەش وای کردووە کە ئێمە وەکو پەرلەمانی کوردستان بەردەوام بۆ ئەو بابەتە بەدواداچوون بکەین”.