وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی ڕێنمایی هاووڵاتییان ده‌كات له‌ كاتی خۆرگیرانی سبه‌ی

سه‌یف به‌در گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: ئاگاداری هاووڵاتییان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ سبه‌ی سێشه‌م له‌ كاتی دیارده‌ی خۆرگیراندا خۆیان به‌ دوور بگرن له‌ سه‌یركردنی ڕاسته‌وخۆی دیمه‌نی خۆر.

ڕاشیگه‌یاند: هه‌روه‌ها ڕێنمایی هاووڵاتییان ده‌كه‌ین به‌ چاویلكه‌ یاخود فلته‌ری ئاساییش سه‌یری خۆرگیران نه‌كه‌ن تا چاوه‌كانیان سه‌لامه‌ت بێت، چونكه‌ خۆرگیران كاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆ له‌سه‌ر چاو دروست ده‌كات و چاویلكه‌ و فلته‌ری ئاسایی تیشكه‌ زیانبه‌خشه‌كان ناگێڕێته‌وه‌.

وه‌ك چاوه‌ڕوان ده‌كرێ سبه‌ی سێشه‌م خۆرگیرانی ڕێژه‌یی له‌ هه‌رێمی كوردستان و عێراق و به‌شێك له‌ وڵاتانی جیهان ڕوو بدات، خۆرگیرانه‌كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كاتژمێر 1:06 ده‌ست پێ ده‌كات و تا كاتژمێر 3:35 به‌رده‌وام ده‌بێت.