لە ڕواندز و مێرگەسۆر ژمارەیەک پڕۆژە جێبەجێ دەکرێن

-KDP.info- لە سنووری ھەردوو قەزای ڕواندز و مێرگەسۆر چەندین پرۆژە دەخرێنە واری جێبەجێکردن و قایمقامی ڕواندزیش دەڵێ، ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزارییش ڕادەگەندرێن و کاریگەرییان لەسەر ڕەوشی خزمەتگوزاری دەبێت.

ئەحمەد قادر، قایمقامی ڕواندز، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “لەلایەن سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە بڕیاری جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ سنووری قەزای ڕواندز دەرکراوە و لەو چوارچێوەیەدا ١٠ پڕۆژەی نوێ لە سنووری قەزای ڕواندز دەخرێنە واری جێبەجێکردن، پڕۆژەکانیش چەند کەرتێک لەخۆ دەگرن، بەتایبەتی کەرتی ڕێگاوبان.”

قایمقامی ڕواندز گوتی: “چەندین گەڕەک کێشەی ڕێگاوبانیان ھەیە و لەو پڕۆژانەی ڕاگەیاندراون، چەندین شەقام دروست دەکرێن و بەشێکی دیکەشیان کۆنکرێت دەکرێن، ژمارەیەک پڕۆژەش دەبرێنە گوندەکانی ڕواندز، لەوانەش پڕۆژەی ئاوی مێگر و دروستکردنی پرد لە گوندی بەرگر، لە داھاتوودا بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژەی دیکەش دەدرێت.”

لە سنووری قەزای مێرگەسۆریش چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە واری ڕێگاوبان خراونەتە واری جێبەجێکردن، لەوانەش ڕێگای دەڤەری مزووریی باڵا کە ڕێگایەکی ستراتیژییە لەگەڵ دەستبەکاربوونەوەی پڕۆژەی ئاوی بارزان.

ھەواڵی زیاتر