چاودێران: کۆنگرەی پارتی کاریگەریی خۆی دەبێت لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەکە

بڕیارە سەرەتای مانگی داھاتوو کۆنگرەی چواردەی پارتی لە شاری دھۆک بەڕێوە بچێت و چاودێرانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بەڕێوەچوونی کۆنگرەی پارتی لەو کات و ساتەدا گرنگیی خۆی ھەیە بۆ نوێبوونەوەی پارتی و کاریگەریی لەسەر ھەرێم و تەنانەت ناوچەکەش دەبێت.

د. ھاوار نێروەیی، مامۆستای زانکۆ و کادیری پێشکەوتووی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: “پێویستە بە شێوەی سیستەماتیک بەردەوام پارتی لە کاتی خۆیدا کۆنگرە بەڕێوە ببات، بەڵام ئەوە ڕووداوەکانی نێوخۆ و ناوچەکەن دەبنە ھۆکار زۆر جار کۆنگرەی پارتی دوا دەکەوێت، دوازدە ساڵە پارتی کۆنگرەی ئەنجام نەداوە، ئەوەیش بەھۆی شەڕی داعش و ڕەوشی عێراق و ناوچەکەوە کە وای کرد کۆنگرە دوا بکەوێت، بڕیاردان لەسەر بەڕێوەچوونی کۆنگرە سەرکەوتنێکی دیکەیە بۆ پارتی.”

مەشخەڵ کەوڵۆسی، سەرنووسەری مانا میدیا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “پارتی نموونەیەکی جیاوازە لە ھەموو چالاکییەکی سیاسیی سەردەمی نوێ کە کورد کردبێتی، ھەر لە ڕووی درێژیی تەمەن و ڕێکخستن و ئەو ئەرکە سیاسی و نەتەوەیییانەی لەسەر پارتییە، جیاوازترە لە ھەر حزبێکی دیکەی سیاسی و کۆمەڵایەتی بە درێژاییی مێژووی کورد، ئەمە پیاھەڵدانی پارتی نییە، بەپێچەوانەوە لەو دەرەنجامانەیە کە سیاسەتی سەرکەتووی پارتی دەبینین لە ڕابردوودا.”

د. ھاوار نێروەیی ئاشکرای کرد: “کۆنگرەی پارتی کاریگەریی لەسەر ناوچەکە دەبێت، نەک تەنیا ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی ھەموو لایەک وەک مەرجەع لە سەرۆک بارزانی دەڕوانن و لەسەر ئاستی چوارپارچەی کوردستان و جیھان دانپێدان بە مەرجەعیەتی سەرۆک بارزانی و ھەڵبژاردنی سەرکردایەتیی نوێ دەبێتە ھۆکار بۆ نوێبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەتایبەتی ھەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە بە شێوازی زۆر دیموکراسی بەڕێوە دەچێت و دڵنیام بەو ھەنگاوەی پارتی دەچێتە قۆناغێکی دیکەی سەرکەوتنی خۆی وەک حزبێکی سەرەکی و خاوەن پێگە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان.”

مەشخەڵ کەوڵۆسی ڕوونی کردەوە: “ھەموو ئەو کۆنگرانەی لە ڕابردوودا پارتی بەڕێوەی بردوون، ڕەوڕەویەکی سیاسیی گرینگیان بەدوای خۆیاندا ھێناوە و وەک ئەو حزبانەی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ھەن، پارتی کاریگەریی ھەیە، وەک چۆن بەشێکی زۆری حزبەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کاریگەرییان ھەیە، پارتییش کاریگەریی لەسەر کوردستان و عێراق ھەیە، پێم وایە پێویستە پارتی نوێبوونەوەیەکی ھاوسەنگ دروست بکات لە ئەنجامی گرێدانی کۆنگرە، ھیوادارم ئەو خیتابە نەتەوەیییەی پێشتر پارتی ھەیبووە، بیخاتە نێو دەستووری خۆی، بۆ نموونە دەوڵەتی کوردستان و کۆمیتەیەک دامەزرێنێت بۆ نووسینەوەی فکری نەتەوەییی کورد.”