بڕیاری ھەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران چووەتە واری جێبەجێکردن و گوتەبێژی مەرزی نێودەوڵەتیی حاجی ئومەرانیش دەڵێ، چەند مەرجێک ھەن بۆ ھەڵگرتنی ڤیزا، لەوانەش نابێت پاسپۆرتی گەشتیار کەمتر لە شەش مانگی مابێت و کارت و پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆناش پێویستە.
سیروان حەسەن، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئومەران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: “لە دوێنێوە بڕیاری ھەڵگرتنی ڤیزا لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێراندا کەوتووەتە واری جێبەجێکردن و ھاووڵاتییان دەتوانن بەبێ ڤیزا ھاتوچۆ بکەن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێراندا، تەنیا لە کاتی گەشتکردن پاسپۆرتی خۆیان دێنن و لێرە مۆر دەکرێت و دەتوانن بۆ ماوەی مانگێک لە وڵاتی ئێران بمێنەوە، بەپێچەوانەوەش ھاووڵاتییانی ئێرانی لە ھەرێمی کوردستان دەمێننەوە.
گوتەبێژی مەرزی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران دەڵێت: “ئەو ھاووڵاتییانەی سەردانی ئێران دەکەن دوای مانگێک دەبێت دیسان لە تارانەوە پاسپۆرتیان نوێ بکەنەوە، ئەگەر بیانەوێ زیاتر لە مانگێک بمێننەوە، ھەر پاسپۆرتێک شەش مانگی ماوەی بەسەرچوونی مابێت ناتوانێت گەشتی پێ بکات.”
لەبارەی کارتی ڤاکسینەوە سیروان حەسەن ڕوونی کردەوە: “ئەو ھاووڵاتییەی گەشت دەکات، پێویستە ڤیزاکارتی ڤاکسینی لەگەڵ بێت و دوو ژەم ڤاکسینی وەرگرتبێت، یان دەبێت پشکنینی لا بێت، بەپێچەوانەوە بەبێ ڤاکسین و پشکنین ڕێگەی گەشتکردن بە ھیچ کەس نادرێت، ھەڵگرتنی ڤیزاش کاریگەریی دەبێت لەسەر ھاتوچۆی ھاووڵاتییان.”