لە سلێمانی هەزارو ٧٢٠ دۆنم زەوی بە ٧٢ وەبەرهێنەر دراوە

سەرۆکی لیژنەی پلان و پڕۆژەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، لە چوار ساڵدا هەزار و 720 دۆنم زەوی بە 72 وەبەرهێنەر دراوە.

رەمەزان نامیق لە راگەیەندراوێکدا رۆژی دوو شەممە 24/10/2022، بڵاویکردووەتەوە، ساڵی 2009 نزیکەی 16 پڕۆژەی وەبەرهێنان  لە سلێمانی مۆڵەتیان پێدراوە بە رووبەری نزیکەی 575 دۆنم زەوی .

ئاماژەی بەوەشداوە، ساڵی 2020 نزیکەی 18 پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێدراوە بە رووبەری نزیکەی 200 دۆنم زەوی .

هەروەها  ساڵی 2021 نزیکەی 14 پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێدراوە بە ڕووبەری نزیکەی 560 دۆنم زەوی.

سەرۆکی لیژنەی پلان و پڕۆژەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راشیگەیاندووە،  ساڵی 2022 تا ئێستا نزیکەی 24 پڕۆژەی وەبەرهێنان مۆڵەتیان پێدراوە بە رووبەری نزیکەی 385 دۆنم زەوی .

رەمەزان نامیق دەڵێت: ئەم زەوییانە بۆ نزیکەی 72 پڕۆژەی وەبەرهێنان دابینکراوە، واتە تەنها 72 وەبەرهێنەر سوودیان لەم زەوییانە وەرگرتووە و پێیان دراوە بە مەتر دەکاتە ( 4٫250٫000٫000 ) چوار ملیۆن و دووسەد و پەنجا هەزار مەتر دووجا .

سەرۆکی لیژنەی پلان و پرۆژەکان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جەختیکردووەتەوە: “ئەم پڕۆژانە هیچ سوودێکیان بەبێ بەرامبەر بۆ هاووڵاتیان نەبووە و تەنها بۆ قازانجکردن دروستکراون”.