ڕۆژی دەستپێکردنی کۆنگرەی 14ی پارتی دیارکرا

عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی حیزبەکەدا بڕیار دراوە رۆژی 03-11-2022 کۆنگرەی 14ـی پارتی ببەسترێت.

لە کۆبوونەوەی سەرکردایەتیی پارتی بە سەرۆکایەتیی سەرۆک مەسعود بارزانی و ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی حیزبەکە بڕیاردراوە رۆژی 3ی مانگی داهاتوو کۆنگرەی 14ی پارتی لە دهۆک بەڕێوەبچێت.

بەپێی زانیارییەکان لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی جیدی کراوە لەبارەی دوایین ئامادەکارییەکان بۆ کۆنگرەی 14ـی حیزبەکە. 

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا تەنیا کاتی کۆنگرە دیاریکراوە کە بە دوو ئاراستە کار لەسەر کۆنگرەکە دەکرێت، یەکێکیان بە ئاراستەی تێڕوانینی پارتییە بۆ دەستکەوت و ئامانجە نیشتمانییەکان و تێڕوانینی پارتی بۆ کایە سیاسی و جڤاکییەکان.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی لەبارەی ئامانجی دووەمی پارتی لە کۆنگرەی 14 دەڵێت، دیدگای پارتی بۆ کۆنگرە بابەتی پەیڕەوی حیزبەکەیە لە رووی رێکخستنی ئۆرگانەکان، ئەوەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی رۆتین و پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە ئۆرگانەکان و باشترکردنی ژیانی ئەندامانی حیزبەکە.

لەبارەی رێنوێنییەکانی سەرۆک مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا، بڵند ئیسماعیل راگەیاند، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە داوە کە نابێت کەس دژایەتی کەس بکات و نابێت پەیڕەوی نێوخۆ پێشێل بکرێت و بەربژێرەکانیش ئازادن لەوەی کە چۆن متمانەی ئەندامانی کۆنگرەکە بەدەستدەهێنن.

بڵند ئیسماعیل دەڵێت، لە کۆنگرەی 14ـدا مەرج نییە پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکە بەتەواوی دەستکاری بکرێت، بەڵام لە هەر شوێنێک کێشە هەبێت، چارەسەر دەکرێت. هەروەها دەشڵێت، پڕۆژەیەک ئامادەکراوە کە لە کۆنگرە دەنگی لەسەر دەدرێت.

لەبارەی ئەوەی کە ئایا کەسی نوێ دەبنە ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، بڵند ئیسماعیل گوتی، بەدڵنیاییەوە هەمیشە پارتی هاوسەنگیی راگرتووە لە نێوان کەسانی بە ئەزموون و چینی گەنجان، ئەوەش پشت دەبەستێت بە متمانەوەرگرتنی ئەو کەسانەی کە بەربژێرکراون بۆ مەکتەبی سیاسی.

لە رۆژی 27ی ئابەوە هەڵبژاردنی نێوخۆیی پارتی بۆ کۆنگرەی 14ی حیزبەکە دەستیپێکردووە؛ ئەندامانی کۆنگرە لە رێگەی ئۆرگانەکانی پارتییەوە هەڵبژێردران. هەڵبژاردنەکە نزیکەی مانگ و نیوێکی خایاند و لە 163 بازنەدا ئەندامانی کۆنگرە هەڵبژێردران. ئەندامانی کۆنگرە دابەشی سەر پێنج پارێزگا کراون؛ 25%ی ئەندامانی کۆنگرەش لە رەگەزی مێ دەبن.

نزیکەی 12 ساڵە پارتی کۆنگرەی نەکردووە، بەپێی پەیڕەوی نێوخۆی ئەو حیزبە، دەبێت هەر چوار ساڵ جارێک کۆنگرە بکرێت، بەڵام پارتی دەڵێت، بەهۆی شەڕی داعش و دواتریش پەتای کۆرۆناوە کۆنگرەی 14 دواکەوت.