وەزارەتی ناوخۆ ڕاگەیەنراوێک لەسەر هەڵمەتی داماڵینی چەک بڵاو دەکاتەوە 

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 24ـی 10ـی 2022 لە هەفتەی جیهانی چەکداماڵین ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان ڕاسپێردراون کە لەهەر کوێیەک لە شوێنە گشتییەکان و ناو ئۆتۆمبێل چەکی بێمۆڵەت هەبێت دەستی بەسەردا بگرن و مامەڵەی یاسایی لەگەڵ خاوەنەکەی بکەن.

لە ڕاگەیەنراوێک وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لەپێناو کەمکردنەوەی دەرفەتی تاوان و پەنابردن بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکان بە توندوتیژی و چەک، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە بایەخێکی گرنگی بە بابەتی ڕێکخستنی چەکهەڵگرتن و سنووردارکردنی دیاردەی چەکداری داوە.

ڕاشیگەیاند: لەو سۆنگەیەوە یاسای کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان ژمارە 18ـی ساڵی 2021 و یاسای چەک ژمارە 2ـی ساڵی 2022 لە پەرلەمانی کوردستان دەرچوون و چەند ڕێنماییەک بۆ جێبەجێکردنییان لە وەزارەتی ناوخۆ دەرکراون.

سەبارەت بە ئامانجی ئەو ڕێنماییانە وەزارەتی ناوخۆ ڕوونی کردۆتەوە کە “ئامانجی ئەو یاسا و ڕێنماییانە ئەوەیە کە چەکی بێمۆڵەت نەمێنێ و دیاردەی چەکداری تا ئەوپەڕی سنووردار بکرێت.”

لە ڕاگەیەنراوەکە داوایەکیش ئاراستەی هاووڵاتییان دەکات و تێیدا هاتووە کە “لە هەفتەی جیهانی چەکداماڵیندا، کە ساڵانە نەتەوەیەکگرتووەکان لە 24 تا 30ـی ئۆکتۆبەر بۆ سنووردارکردنی چەکی کۆمەڵکوژ و کێبڕکێی خۆپڕچەککردن لە ئاستی نێودەوڵەتیی و ڕێکخستنی چەک و دیاردەی چەکداری لە ناوخۆی وڵاتان بەڕێوەی دەبات، وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە هانیشتمانییان دەکات پێگیری بە ڕێنماییەکان بکەن و چەکی قورس و جەنگی، ئەگەر لایانە، دەستبەجێ بدەنەوە حکوومەت و چەکی ئاگرین (دەمانچە، کلاشینکۆف و هاوشێوەکانی) لەو بنکانە تۆمار بکەن کە دەستنیشان کراون دەستبەکار دەبن.”

هاوکات ئاماژەی بەوە داوە کە “ماوەی ساڵێک دەستنیشان کراوە بۆ تۆمارکردن و لەو ماوەیە ڕێگە نادرێت هیچ کەس چەکی بێمۆڵەت ئەگەر تۆمارکراویش بێت بهێنێتە دەرەوە و لە شوێنە گشتییەکان هەڵبگیرێ، چونکە ئەمە پێچەوانەی یاسای چەکە.”

وەزارەتی ناوخۆ جەختی کردۆتەوە کە “ئەم هەفتە جیهانییە بۆ ئەوەیە کە هەموومان بیر لەو کارەسات و ڕووداوە ناخۆشانە بکەینەوە کە بڵاوبوونەوەی چەک و بەکارهێنانی، بەسەر هاووڵاتییان دێنێت، بۆیە بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی و تاوان و پاراستنی سەقامگیری و پاراستنی سەقامگیری ناوخۆیی هەرێمی کوردستان، لە هەفتەی جیهانی چەکداماڵین و هەموو ڕۆژەکانی ساڵدا، هێزە ئەمنییەکان ڕاسپێردراون کە لەهەر کوێیەک لە شوێنە گشتییەکان و ناو ئۆتۆمبێل چەکی بێمۆڵەت هەبێت دەستی بەسەردا بگرن و مامەڵەی یاسایی لەگەڵ خاوەنەکەی بکەن.”

هەر لەو ڕاگەیەنراوە وەزارەتی ناوخۆ داوایەکی ئاراستەی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن کردووە و دەڵێت، “داوا دەکەین کەناڵەکانی ڕاگەیاندن هاوکاربن و ڕۆڵی ئەرێنی بگێڕن لە بڵاوکردنەوەی هۆشیاری خراپ مامەڵەکردن لەگەڵ چەک و لێکەوتەکانی کە دەرفەتی تاوان و توندوتیژی زیاد دەکات.”