ساغکردنەوەی بەرهەمی خۆماڵی و کێبڕکێکردنی بەرهەمی بیانی ئەولەویەتی حکوومەتە

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

بازاڕی بەرهەمی خۆماڵی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵانی رابردوو جیاواز بووە، ساغکردنەوەی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان لە عەلوەی هاوچەرخی هەولێر و پاڵپشتکردنیان وای کرد جوتیاران بۆ ئەمساڵ، باشتر گرنگی بە زەوییە کشتوکاڵییەکان بدەن.

لە پێناو هاندانی بەرهەمی خۆماڵی، ٢٥ تۆن لە بەرهەمی کەلەم رەوانەی دەرەوەی سنورەکانی هەرێم کرایەوە، بە مەبەستی پشتگیری کردن لە بەرهەمی خۆماڵی و هاندانی جوتیارانی هەرێم بۆ گرنگیدانی زیاتر بە بەرهەم و کەرەسەی کشتوکاڵی ناوخۆ، کەرەنتینەی شێراوە سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی ھەولێر، رێگڕی لە هێنانەبازاڕی بارێکی کەلەمی هاوردەکراو کرد، کە بڕەکەی ٢٥ تۆن بوو، ناچاری کرد کە بەرهەمە هاوردەکە بگێڕێتەوە بۆ شوێنی خۆی.
بازرگانێکی سەوزە و میوە لە عەلوەی هاوچەرخی هەولێر گوتی: “ساڵی رابردوو بۆ جووتیار زۆر باش بوو، لە ساڵانی پێشووتر بەروبوومی جووتیاران بە بازاڕ نەدەکرا، ئەگەر ساغ نەبووبایەتەوە دەبوایە فڕێی بدەن یان بە نرخێکی وا نەدەفرۆشرا کە سوودی هەبێت”.
گوتیشی: “لەگەڵ کردنەوەی عەلوەی هاوچەرخی هەولێر بەبازاڕکردنی بەرهەمی جووتیاران زۆر باش بووە، سوودی زۆری هەبوو، هیچ بەرهەمێکیش بەفیڕۆ نەچوو، هەروەها نرخی بەرهەمەکان بەرز بوو، بە گشتی جووتیاران سوودمەند بوون”.
لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢١، بۆ یەکەمجار دەست کراوەتە وەرگرتنی بەرهەمی جووتیاران؛ لەو ماوەیەدا ٤٠هەزار تۆن کە ٧٠٪ی بەرهەمی خۆماڵی بووە هاتووەتە عەلوەی هاوچەرخی هەولێر، لە نیوەی دووەمی ساڵی رابردووەوە ١٢هەزارو٥٠٠ بارهەڵگر بەرهەمی ٩٠٠ جووتیاریان هێناوەتە بازاڕەکە، جوتیاران لە وەرگرتن و بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانیان لە ساڵی رابردوو رازین و دەخوازن لە داهاتووش بەو شێوازە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت.
دیار عەبدولخالق، یەکێکی دیکەیە لە بازرگانانی سەوزە و میوە، دەڵێ: “ساڵی رابردوو بەروبوومێکی باشی جووتیاران لە عەلوەی هاوچەرخی هەولێر ساغ کرایەوە و هەناردەی بازاڕەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق کرا، کە جووتیاران تا رادەیەکی باش لێی سوودمەند بوون”.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: بە مەبەستی کێبڕکێکردنی بەرهەمی بیانی گرنگی و بایەخەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی تایبەت و ڕەخساندنی دەرفەتی کاری زیاتر و برەودان بە بازاڕی ئازاد و بووژاندنەوەی زیاتری بازاڕی خۆماڵی و کێبڕکێی کاڵای دەرەکی، ئێستا له‌ هه‌رێمی كوردستان سیاسەتی حکوومەت بە ئاراستەی گرنگیدانی زیاترە بە بەرهەمی خۆماڵی، بە ڕادەیەک بووه‌ته‌ شوێنگره‌وه‌ی باش بۆ کاڵا و بەرهەمی هاوردەی بیانی.