جادەوبان بە هاتوچۆی باری و بارهەڵگر تێک دەچێ؛ ئەو چۆن چاک دەکرێتەوە؟

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

بایەخدان بە ڕێگاوبان هێڵەکانی گواستنەوە بە یەکێک لە سەرەکیترین هەنگاوەکانی ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتن دادەنرێت، بەرەوپێشبردنیشی کاریگەری و ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر هەموو بوارە جیاجیاکانی ژیانی ئابوری و بازرگانی و کۆمەڵایەتی.

ئێستاکە بە پێی یاسایەکی نوێ کە ڕێوشوێنێکی جیهانییە، نیوەی داهاتی وێستگەکانی کێشان لە هەرێمی کوردستان بۆ چاککردن و ئاوەدانکردنەوەی ڕێگەوبانەکان خەرج دەکرێت.
لە سەرتانسەری هەرێمی کوردستاندا، دەیان وێستگەی کێشانی بارهەڵگر هەیە کە بارهەڵگرەکان بە مەبەستی کێشانی بارەکەیان ڕوو لەو وێستگانە دەکەن ئەم بارهەڵگرانە بە هۆی زۆری کێشی بارەکانیانەوە کێشە بۆ ڕێگەو بانەکان دروستدەکەن و تەنانەت بە هۆکاری سەرەکی تێکچوونی ڕێگەوبانەکان دادەنرێن. هەر بۆیەش بریاردراوە کە ئەو داهاتەی لە کێشانی ئەو بارهەڵگرانەوە دەستدەکەوێت بۆ نۆژەنکردنەوە و بنیادنانی ڕێگەوبانەکان خەرجبکرێت.

وێستگەکانی پارێزگاکان ژمارەیان ٤٢ وێستگەیە کە بەم شێوەیە دابەش بوون بەسەر پارێزگاکاندا:
ـ پارێزگای هەولێر: ١٣ وێستگە
ـ پارێزگای سلێمانی: ١٧ وێستگە
ـ پارێزگای دهۆک: ١٢ وێستگە
مانگی ڕابردوو تەنها لە ماوەی یەک هەفتەدا، کۆی ژمارەی بارهەڵگرە کێشراوەکانی نێو ئەو ٤٢ وێستگەیە ٦٨هەزار و ٨٩١ بارهەڵگر بووە.
ژمارەی بارهەڵگرە یاساییەکان ٦٨هەزار و ٣٨٢ بارهەڵگر بوون و ژمارەی بارهەڵگرە نایاساییەکانیش ٥٠٩ بارهەڵگر بوون.
بە گشتی لە سەرجەم پارێزگاکان، ڕێژەی (٤٠٧.٤٥) تۆن بڕی زیادە لە بارهەڵگرە نایاساییەکان گەڕێنراوەتەوە و ڕێگە نەدراوە بچێتە نێو شارەکان.
ئاگرین عەبدوڵا، بریکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ کاروباری ڕێگاوبان لەم بارەیەوە ڕایگەیاند؛ ئەم کارەمان بە پێی ستانداردی جیهانییە و بۆ وەبەرچاوگرتنی کواڵێتی ڕێگاوبانەکانی کوردستانە بۆ ئەوەی بپارێزرێن لە تێکچوون و نەبنە مەترسی و زەحمەت بۆ سەر هاووڵاتیان.
سەبارەت بە چۆنیەتیی دابەشکردنی داهاتی دەستکەوتوو و ئەو بڕە پارەیەی کە لە ئەنجامی سزا و پێبژاردنی بارهەڵگرە نایاساییەکانەوە دەست حکومەت دەکەوێت، ئەم بریکارەی وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ کاروباری ڕێگاوبان ڕایگەیاند ٥٠٪ی داهاتەکە دەچێتەوە بۆ خەزێنەی وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەو ٥٠٪یەی کە دەمێنێتەوە بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنە کە ئەویش بەم شێوەیە دابەش دەبێت: ٣٠٪ی بۆ چاککردنی ڕێگا و بانەکان و ڕێگەی گوندەکان خەرج دەکرێت و ١٥٪یشی بۆ خودی وێستگەکانی کێشانە بۆ ئەوەی کەموکووڕی و کێشەکانیان چارەسەر بکەن و ئەو ٥٪ـەی کە دەمێنێتەوە دەگەڕێتەوە دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بە مەبەستی چارەسەرکردنی کەموکوڕی دیکە.
ئاگرین عەبدوڵڵا ئاماژەشی بەوە کرد کە لە ماوەی ئەم کابینەیەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا کاری زۆر باشمان کردووە و ژمارەیەکی زۆر پڕۆژە جێبەجێ کراون،کە ژمارەیان ٤٨ پڕۆژە بوون بە گوژمەی ٧٢٠ملیار دینار و بەشێکی ئەو پڕۆژانەشی کە تەواو نەکرابوون، تەواو کراون و، کۆمەڵێک پڕۆژەی نوێی ڕێگاوبانیش جێبەجێ کراون.

پرۆژە تەواوکراوەکانی ڕێگاوبان لە پارێزگای هەولێر:
زۆرترین پرۆژەکانی ڕێگاوبان لە بواری (بنیادنان و دروستکردن و چاککردن و نۆژەنکردنەوە و خزمەتگوزارییەکان) لە پارێزگای هەولێر تەواو کراون، کە ژمارەیان (٢٩) پرۆژەیە و گوژەمەی تێچونەکەیان (٤٠٩ملیارو٦٦٢ملیۆن) دینارە، پێوانەی گشتی ڕێگاکان بریتییە لە (٧١٤.٥٧) کیلۆمەتر.
پارێزگای دهۆک لە ڕووی پێشکەشکردنی پرۆژەکانی ڕێگاوبان لە دوای پارێزگای هەولێر و لە پێش پارێزگای سلێمانییەوە دێت و بەجۆرێک ئەو پرۆژانەی لە پارێزگای دهۆک تەواو کراون، ژمارەیان (٩) پرۆژەیە و گوژەمەی تێچوونەکەیان (٢٥٨ملیارو٢٠١ملیۆن) دینارە، پێوانەی گشتی ڕێگاکان بریتییە لە (٢١١.٢٥) کیلۆمەتر.

ھەواڵی زیاتر