سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان: دابه‌شكردنی نه‌وت كاریگه‌ری له‌سه‌ر دابه‌زینی نرخ هه‌بووه‌

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان به‌ وه‌كاله‌ت له‌ میانه‌ی سه‌ردانێكدا بۆ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ ڕایگه‌یاند كه‌ دابه‌شكردنی نه‌وت له‌لایه‌ن حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر دابه‌زینی نرخ له‌ بازاڕدا هه‌بووه‌.

كه‌مال محه‌مه‌د ساڵح وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان به‌ وه‌كاله‌ت دوای سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگه‌یاند: له‌ ڕۆژی 20ی ئه‌م مانگه‌وه‌ ده‌ستمان به‌ دابه‌شكردنی نه‌وت كردووه‌ له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان.

ڕاشیگه‌یاند: دابه‌شكردنی ئه‌م نه‌وته‌ له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان كاریگه‌ری هه‌بووه‌ له‌ دابه‌زینی نرخ له‌ بازاڕدا.

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: تا ئێستا ته‌نیا له‌ ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ 1500 خێزان سوودمه‌ندبوونه‌ له‌ وه‌رگرتنی نه‌وتی سپی.

وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ حكوومه‌تی عێراق به‌ڵێنی دابوو له‌ رۆژی 15ی مانگی ڕابردووه‌وه‌ بڕه‌ نه‌وتی سپی بۆ هه‌رێمی كوردستان بنێرێت، به‌ڵام ئه‌مه‌ زیاتر له‌ مانگێك تێپه‌ڕیوه‌ تا ئێستا هیچ بڕه‌ نه‌وتێكیان نه‌ناردووه‌.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ركاتێك حكوومه‌تی عێراق نه‌وتی سپی بۆ هه‌رێمی كوردستان نارد، ئه‌وا حكوومه‌تی هه‌رێم به‌و نرخه‌ی وه‌ری ده‌گرێت به‌سه‌ر هاووڵاتییان دابه‌شی ده‌كات.

جێی باسه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان چه‌ند ڕۆژێكه‌ له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كان ده‌ستی به‌ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌سه‌ر ماڵاندا كردووه‌ و هه‌ر به‌رمیلێكیش به‌ نرخی پاڵپشتیكراو و به‌ 100 هه‌زار دینار دابه‌شی ده‌كات، بڕیاریشه‌ دوای ته‌واوبوونی ناوچه‌ شاخاوییه‌كان، له‌ سه‌نته‌ری شاره‌كانیش ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی بكرێت.