ئەگەری زۆرە، بەهۆی ناکۆکییەکان کابینەی سوودانی بە نیوەچڵی متمانە وەربگرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لەو کاتەوە محەمەد شیاع سوودانی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ڕاسپێردراوە، هەموو هەوڵەکانی خۆی بەگەڕ خستووە لە کورتترین ماوەدا ئەندامانی کابینەکەی بە پەرلەمان بناسێنێت و متمانە وەربگرێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی ناکۆکییەکانی ناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە لایەک و ویستی لایەنەکانی سوننە بۆ چەند پۆستێکی دیاریکراو، زەحمەتە سوودانی وا بە ئاسانی تەواوی ئەندامانی کابینەکەی بە پەرلەمان بناسێنێت و ڕەنگە کابینە بە نیوەچڵی متمانە وەربگرێت.

بڕیار بوو ڕۆژی شەممە پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان بە کابینەی سوودانی کۆ ببێتەوە بەڵام ناکۆکییەکان ئەو کۆبوونەوەیەی بۆ ڕۆژانی دواتر دواخست و قسە لەوە دەکرێ هەر لەم هەفتەیەدا کۆبوونەوە بکرێت. پێشتر ئەو پاڵێوراوەی چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینە، دەرفەتی بە لایەنە سیاسییەكان داوە، کاندیدی خۆیان بۆ وەزارەتەكان پێشكەش بكەن.
ناوبراو گوتوویەتی، لەسەر بنەمای توانا و لێهاتوویی بەڕێوەبردنی وەزارەتە جیاوازەکان، کاندیدەکان دەستنیشان دەکات و هەر بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لە دانوستاندایە تا هەر کامێک پشکی خۆیان لە وەزارەتەکانیان پێ بدات.
یەکەم کێشەی بەردەم حکوومەتی عێراق پشکی وەزارەتەکانە و هێشتا بە وردی یەکلایی نەبۆتەوە کام حزب و لایەنی سیاسی و کام پێکهاتە، کام وەزارەتی پێ دەدرێت. کێشەی دووەمیش ئەوەیە بە تەواوی دیار نییە چ کاندیدێک بۆ ئەو وەزارەتانە دەستنیشان دەکرێن و هەر بۆیەش سوودانی داوای کردووە کۆمەڵێک کاندید بناسێنرێن تا لە نێویاندا باشترینیان دەستنیشان بکات و بە قسەی خۆی حکوومەتێک پێکبهێنێت کە ڕووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە و هەناسەیەک بە سەرجەم کەرتەکان بدات.
باس لەوە دەکرێ چوار وەزارەت بۆ کورد بن کە زۆربەیان بۆ پارتی دیموکراتی کوردستان دەبن. لە نێو سوننەکانیشدا کۆمەڵەک وەزارەت دەستنیشان کراون کە پێیان بدرێ،3 بەڵام ململانێی سەرەکی لەسەر ئەوەیە کام لایەن پۆستی وەزارەتی بەرگری وەردەگرێت کە بە وەزارەتێکی سیادی و گرنگ هەژمار دەکرێت.
لایەنەکانی سوننە بەسەر هاوپەیمانی عەزم و سەروەریدا دابەش بوون و، لەبەر ئەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بە لایەنەکانی سەروەری دراوە، عەزم خوازیارە پۆستی وەزارەتی بەرگری کە یەکێکە لە گرنگترین وەزارەتەکانی عێراق بەوان بدرێت.
ڕۆژی شەممە، محەممەد شیاع سوودانی، لەگەڵ ئەم لایەنە کۆ بۆوە و گفتوگۆی کرد لەبارەی دۆخی سیاسی و پڕۆسەی دیاریکردنی پالێوراوەکان بۆ پۆستە وەزارییەکان.
هاوپەیمانیی عەزم لە ڕاگەیەنراوێکدا باسی ئەوەی كردووە كە پێشوازییان لە كاندیدێكی سەرۆكوەزیران كردووە و پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەرچی زووتر دامەزراندنی حکوومەت ڕاگەیاندووە و ئاماژەیان بەوەش کردووە، کە کاندیدی ئەوان بۆ پۆستی وەزیری بەرگری خالید عوبێدییە. ئەمە لە کاتێکدایە لایەنی سەروەری پێی وایە پۆستەکە دەبێ بەوان بدرێ و تەنانەت ئەوانیش کاندیدیان بۆ پۆستەکە دەستنیشان کردووە و باس لە ناوی ناسر غەنام دەکرێت.
ناکۆکییەکە تەنیا لە نێو سوننەکان نییە بەڵکوو لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش کە لە کۆمەڵەک حزب و گرووپ پێک هاتوون خوازیارن لەو کابینەیە مافیان نەفەوتێت و کاندیدیان بۆ وەزارەتەکان دەربچێت. سوودانی بۆ سەرخستنی کابینەکەی پێویستی بەوە هەیە هاوسەنگی ڕابگرێت و دڵی هەمووان ڕازی بکات.
بەپێی یاساکانی عێراق كاندیدی ڕاسپێردراو یەک مانگ مۆڵەتی هەیە تا بتوانێت ئەندامانی کابینەکەی بە پەرلەمان بناسێنێت و متمانە وەربگرێت. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ناکۆکییانەی بەربینگی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و تەنانەت لایەنەکانی تری گرتووە، چاوەڕوان دەکرێ سوودانی نەتوانێت لە یەکەم کۆبوونەوەدا متمانەی سەرجەم وەزیرەکانی لە پەرلەمان وەربگرێت و تەنیا بەشێک لە وەزیرەکان متمانەیان پێ بدرێت و ژماریەک لە وەزارەتە گرینگەکان بۆ کۆبوونەوەکانی داهاتوو هەڵگیرێن و تەنانەت بە وەکالەت بەڕێوە ببرێن.
دووشەمی هەفتەی ڕابردوو ١٧ی تشرینی یەکەم هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت، لە کۆبوونەوەیەکدا ڕای گەیاند کە بە جیددی دەستی بە وەرگرتنی ناوی کاندیدەکان کردووە و کابینەکەش لە ٢٠ تا ٢٤ وەزارەت پێکدێت کە نزیکەی نیوەیان بۆ شیعەیە و چواریشیان بەر کورد و لەوانەیە نۆ وەزارەتیش بەر سوننە بکەون. سوننە و کورد مافی ئەوەیان دەبێت لانی کەم وەزارەتێکی سیادییان هەبێت.
ڕۆژی پێنجشه‌م ١٣ی تشرینی یه‌كه‌م ، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق لە کۆبوونەوەیەکدا دەنگی بە دکتور عه‌بدوله‌تیف ڕه‌شید دا. بەپێی دەستوور سه‌ركۆمار له‌ ماوه‌ی ١٥ ڕۆژدا، كاندیدی گه‌وره‌ترین فراكسیۆنی په‌رله‌مان ڕاده‌سپێرێ بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێ بەڵام سەرۆک کۆماری نوێ هەر ئەو ڕۆژەی بووە سەرکۆمار و سوێندی یاسایی خوارد، سوودانی بۆ ئەو پۆستە ڕاسپارد.
هەر بەپێی یاسا كاندیدی ڕاسپێردراو مانگێکی لەبەردەستە‌ بۆ پێكهێنانی حكوومەت. ئه‌گه‌ر كاندیدی ڕاسپێردراو نه‌یتوانی له‌و ماوه‌یه‌ حكوومه‌ت پێك بهێنێت، ئه‌وا ١٥ ڕۆژی تری بۆ درێژ ده‌كرێته‌وه‌.
لە سەرووی هەمووی ئەو ناکۆکییانەی لە نێو ئەو لایەنانەدا هەیە کە ڕۆڵیان هەیە لە پێکهێنانی حکوومەت و زۆرینەی پەرلەمان پێکدەهێنن، لە دەرەوەی پەرلەمانیش تشرینییەکان و ڕەوتی سەدر بێدەنگییان هەڵبژاردووە و هەندێک لە مەرجەکانی ڕابردووی خۆیان بە زمانێکی نەرمتر دووبارە کردووەتەوە، بەڵام دیار نییە ئەم بێدەنگییەش چەند دەخایەنێت و حکوومەتی سوودانی لە ئەگەری متمانەدان بە کابینەکەی، چەندە لە حوکمدا دەمێنێتەوە.

ھەواڵی زیاتر