وه‌زاره‌تی كاره‌بای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یێنێت، رێژەی دانانی سیستەمی پریپه‌ید لە پارێزگای دهۆك گەیشتووەتە 90% و بڕیار وایە له سه‌رجه‌م پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان سیسته‌مه‌كه جێبەجێ بکرێت، ئاماژه به‌وه‌شده‌دات، سیستەمەکە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر زیادبوونی کارەبای نیشتمانی هەیە و کارەبا کەمتر لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەفیڕۆدەدرێت.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 22ـی تشرینی یه‌كه‌می 2022، وه‌زاره‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژەی بەوەدا، سیستەمی سمارت میتهرزی کارەبا كه پێوه‌ری زیره‌كی پێده‌ڵێن، رێژەی دانانی لە پارێزگای دهۆك گەیشتووەتە 90% و بڕیار وایە له سه‌رجه‌م پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان جێبەجێ بکرێت.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی كاره‌بادا هاتووه: سیستەمەکە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر زیادبوونی کارەبای نیشتمانی هەیە، لەهەمانکاتدا کارەبا کەمتر لەلایەن هاووڵاتییانەوە بەفیڕۆدەدرێت، سوودێکی دیکەی سیستەمەکە ئەوەیە، پسووڵەی خوێندنەوەی کارەبا و زانیارییەکان بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی و راستەوخۆ لە ماڵانەوە دەبێت، لەبری ئەوەی فەرمانبەرێك بچێت بۆ دیاریكردنی بڕی پارەی كارەبای بەكارهاتوو.
ئاماژه به‌وه‌شدراوه، بەهۆی سیستەمەكهوە سووتان و له‌كاركه‌وتنی ته‌لی كاره‌با به رێژەیهكی بەرچاو كه‌مبووه‌ته‌وه، ئێستاش هەوڵەکان بۆ ئەوەن سیستەمەکە بكرێتە پریپەید، واتە وەرگرتنی كرێی مانگانەی كارەبا بە شێوەى پێشوەختە.
ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، سیستەمی پریپەیدی کارەبا لە دوو شوێنی پارێزگای دهۆک جێبەجێکراوە و سەرکەوتنی بەرچاوی تۆمارکردووە، لە سه‌نته‌ری بازاڕی دهۆك، سێ هەزار و 118 هاوبەشی کارەبا هەیە کە به رێژەی 80% سیستەمەکەى تێدا جێبەجێکراوە، ئه‌و بازاڕە هه‌شت مێگاوات کارەبای پێویسته و ده‌توانرێت بۆ ماوه‌ی 24 كاتژمێر كاره‌بای بۆ دابین بكرێت، واته هاووڵاتیی یان هاوبه‌ش ده‌توانێت كارتێك لە سەنتەرەکانى فرۆشتن کە هەر لە نێو بازاڕەکە دانراوە بكڕێت و ئاگاداری به‌كارهێنانی بڕى کارەباکەى و بڕى ماوەى بێت.
وەزارەتی کارەبا راشیگەیاند، ئەنجامی دانانی ئەو سیستەمە ئەرێنى و دڵخۆشکەر بووە، هەم بۆ هاووڵاتییان و هەم بۆ خودى حکومەت، بۆیە له‌م پێناوه‌دا كاره‌كان له پارێزگای دهۆك به‌رده‌وامن و كۆمپانیاى جێبەجێکار لەژێر چاودێریى حکومەت، بەردەوامە لە روونكردنەوە و هۆشیارکردنەوەى هاوبه‌شان له‌باره‌ی چۆنیەتى به‌كارهێنانی ئه‌و سیستەمه، بڕیاریش وایە لەدوای تەواوبوون و دانانى سیستەمەکە بە تەواوى لەو دوو شوێنەی پارێزگای دهۆك، لە شوێنی دیکە هه‌مان سیستەمی پریپه‌ید جێبه‌جێ بكرێت.