رۆژنامەی ھەولێر

لە شەنگال بۆ جاری سێیەم کۆنترین قوتابخانەی کوردی دەکرێتەوە

به‌رپرسی كارگێڕیی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی قەزای شنگال ڕایگەیاند، كۆنترین قوتابخانەی خوێندنی كوردی لە قەزای شنگال كراوەتەوە، كە لە ساڵی 1970 دروست كراوە و دواتر لەبەر بارودۆخی ئەوكات داخرا، وا جارێكی دیكە ئەو قوتابخانەیە بۆ خوێندنی كوردی كرایەوە.

شه‌هاب ئه‌حمه‌د، به‌رپرسی كارگێڕیی بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی قەزای شنگال رایگەیاند: “ساڵی 1970، قوتابخانەیەك بۆ خوێندنی كوردی لە شنگال بە ناوی  قوتابخانەی ئومێد كرایەوە، بەڵام دوای ئەوەی دۆخەكە گۆڕا و شەڕ دەستی پێكردەوە، ئەو قوتابخانەیە داخرا و خوێندنی كوردی قەدەغە كرا، تا ساڵی 2003 دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، جارێكی دیكە ئەم قوتابخانەیە بۆ خوێندنی كوردی هەر بە ناوی قوتابخانەی ئومێد كرایەوە و بەردەوام بوو، تا ساڵی 2014، كاتێ ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش پەلاماری شنگال دا و خەڵكەكەی جینۆساید كرد و ئەوەی ما ئاوارە بوو، قوتابخانەكەش دیسان داخرایەوە.”

ئاشكراشی كرد: “بۆ خوێندنی ئەمساڵی 2022، بۆ جاری سێیەم قوتابخانەی ئومێد، ئەمجارە بە ناوی قوتابخانەی ژیان لە قەزای شنگال كرایەوە، كە لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول بۆ خوێندنی كوردی دروست كرابوو.”