پەرلەمانتارێکی عێراق وادەی متمانەبەخشین بە کابینەکەی سوودانی ئاشکرا دەکات

ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ره‌تیكرده‌وه‌ی سبه‌ی شه‌ممه‌، دانیشتنی تایبه‌ت بۆ متمانه‌به‌خشین به‌ كابینه‌كه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی ئه‌نجامبدرێت.

سیپان عه‌زیز، په‌رله‌مانتاری عێراق راگه‌یاند، بۆ متمانه‌ به‌خشین به‌ كابینه‌كه‌ی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، دووشه‌م یان سێشه‌ممه‌ی داهاتوو ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران كۆده‌بێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها گوتیشی، به‌هۆی رێكنه‌كه‌وتنی سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر پۆسته‌ وه‌زارییه‌كانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق، بڕیاردراوه‌ ده‌رفه‌تی زیاتر بدرێت بۆ گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن، بۆیه‌ سبه‌ی شه‌ممه‌ (22ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ده‌نگدان به‌ كابینه‌ی نوێ كۆنابێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌ پشكی كورد له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق، سیپان عه‌زیز، گوتی، به‌پێی شایسته‌ی هه‌ڵبژادن، پشكی كورد چوار وه‌زاره‌ت ده‌بێت له‌ كابینه‌كه‌ی سوودانی، كه‌ سێ وه‌زاره‌تیان بۆ پارتی و وه‌زاره‌تێكیش بۆ یه‌كێتی ده‌بێت.

سیپان عه‌زیز، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌گوێره‌ی گفتوگۆكان تاوه‌كو ئێستا وه‌زاره‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌ی، شاره‌وانی و ژینگه به‌ركه‌وته‌ی پارتی ده‌بێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ فراكسیۆنی پارتی روونیكرده‌وه‌، جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140، پرسی به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان و كۆمه‌ڵێك بابه‌تی گرنگی په‌یوه‌ست به‌ مافه‌ ده‌ستووری و یاساییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌و مه‌رجانه‌ی كوردن بۆ به‌شداریكردن له‌ حكومه‌تی نوێی عێراقدا.

سه‌باره‌ت به‌ گرێنتی جێبه‌جێكردنی مه‌رج و داخوازییه‌كانی كورد له‌ كابینه‌ی داهاتووی عێراق، سیپان عه‌زیز، گوتی ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ له‌به‌رده‌م لایه‌نه‌ سه‌ره‌كییه‌ پێكهێنه‌ره‌كانی حكومه‌تی عێراق نه‌ماوه‌ وه‌ك رابردوو به‌ڵێنه‌كانیان پشتگوێبخه‌ن، به‌هۆی گۆڕانكاری له‌ ژینگه‌ی سیاسی عێراق و ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی له‌ هاوكێشه‌ی سیاسی روویدا به‌هۆی كشانه‌وه‌ی سه‌در له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق.